كەلار : دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە سیمینارێك بۆ زانایانی ئاینی گەرمیان سازدەكات

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان :

سەرلەئێوارەی رۆژی یەك شەممە بەرواری 4/8/2013 بە سەرپەرشتی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە گەرمیان و بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی یەكێتی زانایان و ئەوقاف لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان لە شاری كەلار سیمینارێك بەڕێوەچوو

سەرەتای سیمینارەكە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكردوو پاشان ووتەی بەخێرخاتن و دەستەی ژینگە پێشكەش كراو پاشان ووتاری بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیان لەلایەن مامۆستا محمد عبدالرحمن پێشكەش كراو دوابەدوای ئەوەش ووتاری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لەلایەن مامۆستا سەلام تاوگۆزی بەپرسی لق بەوەكالەت پێشكەش كراو لە ووتەكەیدا پەرۆشی خۆی و لقەكەی بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان دەربری و لەو روەشەوە ئامادەیی یەكێتی زانایانی بۆ هەرهەنگاوێك دووپاتكردەوە لە پێناو پاراستن و چاككردنی ژینگەی ووڵات و بەئەركی سەرشانی هەر تاكێك و توێژێكی وەسف كردو بۆ ئەومەبەستەش داوای لە زانایانی ئاینی ووتاربێژ كرد كە لە ڕێگەی مینبەری پیرۆزی مزگەوتەكانەوە بتوانن وشیاری تەواو بە نوێژخوێنان و موسوڵمانان بدەن بۆ ئەوەی هەركەس لە ئاستی خۆیەوە بەرپرسیارێتی خۆی بزانێت و جێ‌ بەجێ‌ بكات .