یەكێتی زانایان: پێویستە هەموومان پشتگیری كۆنگرەی نەتەوەیی بكەین

لە سەروبەندی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە پەیامێكیدا داوا دەكات هەموو لایەك پشتیوانی سەركەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی بن.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

 

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان

(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعاً وَلا تَفَرَّقُوا)

لە سەروبەندی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی هەموو پارچە لێك دابڕێندراوەكانی كوردستان، وێڕای ئەوەی وەكو مەلا‌و زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكەین، كە ببێتە مایەی لێكنزیكخستنەوەی نێو ماڵی كورد‌و، بەهێزكردنی پەیوەندی كوردەكانی هەموو جیهان بەتایبەتی كوردانی هەر چوار پارچە بە غەدر لێكدابڕێندراوەكان، لە هەمان كاتدا پشتگیری تەواوی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەكەین‌و، بە پشتیوانی خوای مەزن‌و، پاشان لە سایەی حیكمەت‌و لێزانی‌و گەلویستی رێبەرانی كورد، ئێمە‌و تەواوی كورد بە ئومێدێكی زۆرەوە دەڕوانینە ئەم كۆنگرەیە‌و، دەخوازین لە سەرووی هەموو شتێكی دیكەوە بێت، چونكە ئەگەر خۆ بەخۆ دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی یەك‌و، نێو ماڵی كورد قایمتر بكەین، كەسانی دیكەش زیاتر ملكەچی ئیرادەی كورد‌و بە پیر مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەمانەوە دێن.

دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكە دەخوازین بەرەو ئاییندەیەكی گەش بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان‌و یەكبوونی یەكجارەكی ماڵی گەورەی كورد.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

5/8/2013