پەیامی زانایانی ئایینی بۆ هاریكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا


بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

(خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا)

سەرەتا لە ناخی دڵمانەوە هاوخەمی خۆمان بۆ تەواوی ئەو كوردانە دەردەبڕین، كە لە رۆژئاوای كوردستان ئاوارە كراون‌و، ماڵ‌و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، ئەمەش بەشێكە لە زنجیرەی ئەو نەهامەتی‌و تراژیدیایانەی لە ئەنجامی دیكتاتۆری‌و نا یەكسانی بەسەر گەلی كورددا دێن.

هەر بەم بۆنەوە بە پێویستی دەزانین دەستخۆشیەكی گەرم لەسەرجەمی هاووڵاتیانی كوردستان بكەین، ئەوانەی بە هەر شێوازێك بێت دەستی هاوكاری‌و یارمەتیان بۆ ئەم ئاوارانە درێژ كردووە، هەروەها دەستخۆشیەكی گەرم لە تەواوی ئەو راگەیاندن‌و كۆمەڵە‌و رێكخراو‌و پارت‌و لایەنەكان دەكەین، كە خۆنەویستانە خەریكی هاندان‌و پشتیوانیكردنی ئەم ئاوارەنەن، ئەمەش ئەخلاق‌و رەوشتی گەلی كوردە، كە هەمیشە بە پیر هەژار‌و كەمدەرامەت‌و لێقەوماوانەوە دەچن‌و، لە پەیامی پیرۆزی ئیسلامەوە فێری مرۆڤدۆستی‌و بە پیرەوەچوون‌و ویژدان جوڵانەوە دەبن، كە ئەمەش بۆتە بەشێك لە كلتووری نەتەوەییمان.

 

وەك پێشتریش چەندین جار رامانگەیاندووە داوا لە سەرجەم لایەنەكان‌و هاووڵاتیە بەڕێزەكان دەكەین كەمتەرخەمی نەكەن‌و ئەم خێر‌و حەسەناتەی بۆمان هەڵكەوتووە لە دەست خۆمانی نەدەین، بەتایبەتی كە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز وەك هەمیشە لەم رێبازە پیرۆزە زیاتر خەڵكی وشیار دەكەنەوە.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

19/8/2013