سەرۆكی زانایان داوا لە مورشیدانی حەج دەكات هەڵگری جوانترین پەیام بن

ئەمڕۆ سێشەمە (20/8/2013) لە هۆڵی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان بەشداری كرد لە خولێكی تایبەت بە مورشیدانی ئایینی حەجی ئەمساڵ.

لە مەراسیمەكەدا سەرۆكی زانایان وتەیەكی پێشكەش بە مورشیدانی ئایینی ئەمساڵی حەج كرد.

لە وتەكەیدا وێڕای باسكردنی چەند لایەنێكی پەیوەست بە حەجكردن، داوای لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز كرد هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە كار بۆ خزمەتكردنی حاجیانی كوردستان‌و، هەمیشە لەگەڵیان دابن، هەروەك داوای لێكردن پەیامێكی جوانی موسڵمانانە‌و نەتەوەیانە لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ گەیاندنی پەیامی ئیسلامی پیرۆز‌و نەتەوەی كورد.

لەلایەكی دیكەوە سەرۆكی زانایان هیوای خواست مامۆستایان لەوێ‌ باشترین رێگە هەڵبژێرن بۆ ئەوەی حاجیانمان هەست بە خۆشی‌و ئارامی بكەن‌و، خۆیان لە بابەت‌و مەسەلە خیلافیەكان دوور بگرن.