رۆژی هەینی هەڵمەتێكی سەرتاسەری بۆ كوردانی رۆژئاوا دەست پێدەكات

دوای ئەوەی كۆمەڵە هەڵمەتێكی خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا دەستی پێكرد، بووە مایەی ئومێد‌و دڵخۆشی هەموو لایەك، هەر بۆ ئەم مەبەستە‌و بۆ زیاتر سەركەوتنی هەڵمەتەكە، هەر لە یەكەم ساتەوە لە یەكێتی زانایان داوایان لە خەڵكی كوردستان كرد بە پیر ئەم بانگەوازانەوە بچن، دواتریش دەستخۆشیان لە هەموو لایەك كرد، كە بەم كارە پیرۆزە هەڵدەستن، بەتایبەتی رۆڵی راگەیاندنەكان‌و خێرخوازان بەرز نرخێندرا، لەوەش یەكێتی زانایان لە بانگەوازێكدا داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان كرد دەستی كۆمەڵكی بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكەن.

هەر لە زنجیرەی هەڵمەتی كۆمەكیكردنی كوردانی رۆژئاوا، بڕیارە رۆژی هەینی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف دەست بە كۆكردنەوەی كۆمەكی بكەن، بۆ ئەمەش رۆژی هەینی (23/8/2013) لە سەرجەمی مزگەوتەكانی كوردستان‌و لە رێگەی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزەوە ئەم هەڵمەتە دەست پێدەكات.

 

لەو بارەوە مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان بۆ سایتی زانایان گووتی: وێڕای دەستخۆشیمان بۆ هەموو لایەك، ئێمە وەكو یەكێتی زانایان‌و وەكو تاكە تاكەی مامۆستایانی ئایینیشەوە لە یەكەم رۆژەوە رۆڵێكی باشمان دیت بۆ ئەم هاریكاریانە، بۆ پشتیوانی زیاتریش وەكو یەكێتی زانایان بڕیارماندا هەڵمەتێكی سەرتاسەری لە مزگەوتەكانی كوردستان دەست پێبكەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف كردووە‌و، ئەمڕۆ پێنج شەمەش لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوتی سەواف بڕیارماندا بەیانی ئەم پڕۆژەمان دەست پێ بكات، ئامانجیش لەم كارانە تەنها بەجێگەیاندنی ئەركێكی ئایینی‌و مرۆیی‌و نەتەوەییە، كە كورد هەمیشە بەم رەوشت‌و ئەخلاقە بەرزەوە جوانە.