مزگەوت بۆ كوردانی رۆژئاوا

دوای ئەنجامدانی كۆمەڵێك چالاكی بۆ پشتگیریكردنی كوردانی رۆژئاوا، ئەمڕۆ 25/8/2013 مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان داواكاریەكی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر كردووە، كە تێیدا داوا دەكات لە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا مزگەوتی سەفەری دروست بكرێت، یان خێوەتێكی تایبەت بە نوێژكردنیان بۆ بكرێتەوە، هەمان داوا بۆ كەمپەكانی سلێمانی‌و شوێنەكانی دیكەش بە پێویست دەزانن، بۆ ئەوەی ئەم كوردە ئاوارانە هاوشێوەی كەمپەكانی دهۆك شوێنی نوێژكردنیان هەبێت، كە خۆشبەختانە لە دهۆك بە هەماهەنگی یەكێتی زانایان‌و ئەوقاف، حكومەتی هەرێم شوینی نوێژكردنی بۆ دابین كردوونە.

لەو بارەوە مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید سەرۆكی زانایان گووتی: دیارە لە رێگەی یەكێتی زانایان‌و ئەوقافی دهۆكەوە لە دهۆك مزگەوتێك بۆ كوردە ئاوارەبووەكانی رۆژئاوا دروست كراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی لە بواری پەرستش‌و عیبادەتیان دانەبڕێن‌و، هەست بە پشتگوێخراوی نەكەن، كە جێگەی دەستخۆشیە بۆ حكومەتی هەرێم ئەم ئەركە پیرۆزەی لە زنجیرەی كارە پیرۆزەكانی ئەنجام داوە، هەر بۆ هەمان مەبەست داوامان لە بەڕێز پارێزگاری هەولێریش كردووە شوێنێكی تایبەتی بۆ نوێژكردن لە كەمپەكانی سنووری هەولێر بكرێتەوە، كە هەمان داواكاریشمان بۆ كەمپەكانی سنووری سلێمانی‌و ناوچەكانی دیكەش هەیە.