بەیاننامەی یەكێتی زانایان تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

لەگەڵ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن‌و دەستپێكردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ئومێدەوارین پرۆسەكە بە سەركەوتووی تەواو ببێت‌و، بە خزمەتی ئایین‌و گەل‌و وڵات‌و نیشتیمان كۆتایی پێ بێت، هەر لێرەوە بە پێویستی دەزانین چەند خاڵێك بخەینە روو:

یەكەم: داوا لە هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەین بە گوڕ‌و تینەوە بەشداری پرۆسەكە بكەن‌و، هیچ شتێك ساردیان نەكاتەوە، بە دڵنیاییشەوە هەڵبژاردن ئەركێكی ئایینی‌و نەتەوەیی‌و نیشتیمانی‌و شارستانییە، بەشداری كردن بەڵگەی خاوەندارێتی تاكەكانە بۆ دەنگ‌و بیركردنەوەی خۆیان.

دووەم: داوا لە سەرجەم حزب‌و لایەنە سیاسەكان‌و جەماوەری كوردستان دەكەین، هێمنی بار‌ودۆخەكە بپارێزن‌و، شتێك نەكەن خوانەخواستە پشێوی بێنێتە ئاراوە یانە ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوەژیان بشێوێنێت.

سێیەم: داوا لە حزب‌و لایەنەكان‌و كاندیدەكان دەكەین لەژێر پەردەی ئایینی‌و نیشتیمانی تەشهیر بە یەكتر نەكەن‌و ناوی یەكتری نەزڕێنن، لە بری ئەوە پێویستە بە پڕۆژەوە بێتە گۆڕەپانەكە.

چوارەم: پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستپاكی بێت، چونكە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەرد ئەركێكی ئایینی‌و نەتەوەیە.

پێنجەم: بە هیچ پاساوێك بەكارهێنانی شوێن‌و دروشمە ئایینیەكان بۆ پڕوپاگەندە جێگەی نابێتەوە، بۆیە تكا دەكەین پیرۆزی شوێن‌و دروشمە ئایینیەكان بپارێزن.

 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

28/8/20131