با مزگەوتەكان نەكرێنە شوێنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن

دوای دەستپێكردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دووبارە جەغت لە زەروورەتی دوورراگرتنی مزگەوت‌و شوێنە ئایینەكان دەكاتەوە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:

 

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

دوای دەست دەستپێكردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە پێویستی دەزانین دووبارە داوا لە مامۆستایانی ئایینی بە قەدر‌و كاندید‌و حزب‌و لایەنە سیاسیەكان بكەین، مزگەوت‌و شوێنە پیرۆزە ئایینیەكان لە پڕوپاگەندەكان بپارێزن، چونكە پڕ‌و پاگەندەی هەڵبژاردن قۆناغێكی كاتیە‌و، دواتر هەمووان بەرەو هێوری دەچنەوە، بۆیە پێویستە ئەم شوێنە پیرۆزانە رۆڵی ئارامی‌و برایەتی ببینن‌و، بە هەموو شێوەیەك راستەوخۆ‌و ناراستەوخۆ لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەوە نەگلێندرێن، ئەوەی رێگەی تێدەچیت تەنها هاندانی خەڵكە بۆ هەڵبژاردن‌و دوور لە هەر لایەنگیرییەك، چونكە وێڕای ئەوەی مزگەوت شوێنێكی پیرۆزە، شوێنی گشتی خەڵكیشە‌و نابێ‌ لە هیچ لایێك تەسك بكرێتەوە، بە پێچەوانەوە مزگەوت‌و پیرۆزییەكانی دەبنە قوربانی.

 

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

2/9/2013