سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان: خه‌رمانی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس بۆ كورد ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌یه‌

راگه‌یاندنی لقی سۆران

رۆژی شه‌ممه‌ 31/8/2013 له‌میانه‌ی سیمیناری یاده‌وه‌ری مامۆستای موده‌ڕیس، كه‌ سه‌نته‌ری زانایان بۆ چالاكی ئاینی له‌ژێر ناونیشانی (مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس زانایه‌ك بۆ مێژوو.. ئه‌زموونێك بۆ ئێستا) به‌ بۆنه‌ی 8 ساڵه‌ی وه‌فاتیه‌وه‌، بۆ ژماره‌یه‌ك مامۆستای ئاینی سنوره‌كه‌ سازی كرد بوو.

 

به‌رێز مامۆستا مه‌لا عبدالله مه‌لا سه‌عید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌ بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ مامۆستای مه‌رحوم له‌ ژێر ناونیشانی (زانایی‌و بیلمه‌تی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد، كه‌ تێیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی شكۆداری مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس‌و رۆلی ئه‌و زانا ناوداره‌ی گه‌له‌كه‌مانی له‌خزمه‌تكردنی عیلم‌و عیرفان‌و ئه‌ده‌بی كوردی‌و خزمه‌ت به‌ئیسلام‌و پێگه‌یاندنی زانایان له‌ كوردستان به‌رز نرخاندو بۆ ئاماده‌بوانی رونكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌لێهاتویی جه‌نابی مامۆستا كرد له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانی‌و نه‌ته‌واتیه‌كانی‌و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تری خزمه‌تكردن به‌ئاین‌و نیشتمان.

 

هه‌روه‌ك جه‌نابیان خامه‌ی مامۆستای له‌ ده‌رخستنی ئه‌ده‌ب‌و فه‌رهه‌نگی كوردی‌و گرنگی فه‌تواكانی‌و رۆلی جه‌نابیان له‌ وتاری هه‌ینی به‌زمانی كوردی بۆ یه‌كه‌مجار, كه‌ له‌ داهێنانی ئه‌و زاته‌ بووه‌ به‌بایه‌خه‌وه‌ باس كرد.

 

له‌ به‌شێكی بابه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتی: مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس به‌و به‌رهه‌م‌و خه‌رمانه‌ جوانه‌ی له‌دوای خۆی جێهێشت، ده‌توانین بڵێین ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ تێكڕای كورد، كه‌ هه‌میشه‌ سوودو قازانجی له‌ رێی عیلم‌و ئه‌ده‌ب‌و مه‌عریفه‌وه‌ بۆ كورد هه‌بووه‌‌و ده‌بێت.

 

 

شایه‌نی وتنه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان یه‌كێك بوو له‌و زانایانه‌ی خه‌ڵاتی سیمیناره‌كه‌ی پێبه‌خشرا به‌ بۆنه‌ی هه‌بوونی رۆڵی به‌رێزیان له‌ ده‌رخستنی مێژووی مامۆستای مه‌رحوم‌و به‌تایبه‌تیش كه‌ نامه‌ی ماسته‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر دانایی مامۆستا بووه‌ له‌ بواری فیقهی‌و تێكۆشانی له‌ روونكردنه‌وه‌ی فیقهی شافیعیدا.