دهۆك: سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ زانایانی ئایینی كۆده‌بێته‌وه‌

رۆژی 17/9/2013 به‌رێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی ئایینی سنووری پارێزگای ناوبراو كۆبووه‌وه‌.

 

سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌نه‌س محمد به‌رپرسی لقی دهۆكی یه‌كێتی زانایان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كردو تێیدا باسی له‌ رۆڵ‌و پێگه‌ی زانایان كردو، چه‌ند په‌یڤێكیشی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خسته‌ روو.

 

دواتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، كه‌ تێیدا وێڕای به‌رز نرخاندنی رۆڵ‌و كاریگه‌ری زانایانی ئایینی، چه‌ند لایه‌نێكی مێژووی له‌باره‌ی ئه‌و رۆڵه‌وه‌ باس كردو گوتی: له‌هه‌موو شۆڕشه‌كان زانایانی ئایینی ده‌ورێكی باڵایان هه‌بووه‌‌و زانا‌و هۆزانڤان‌و سه‌ركرده‌ی رابردوومان هه‌مووی كه‌سایه‌تی ئایینی بوون، ته‌نانه‌ت له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كه‌ڵه‌ زانای گه‌وره‌مان هه‌بووه‌.

 

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی گوتی: رێبه‌رانی كورد هه‌میشه‌ هه‌ڵگری هه‌ردوو بیری ئایینی نیشتمانی بوونه‌‌و قه‌ت ئه‌و دوو چه‌مكه‌یان لێك جیا نه‌كردۆته‌وه‌، بۆیه‌شه‌ كوردستان بۆته‌ ناوه‌ندێكی به‌هێز له‌ پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینی‌و مه‌زهه‌بی‌و له‌و روه‌شه‌وه‌ سیمایه‌كی جوانی پیشانی ده‌ره‌وه‌ داوه‌.

 

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم گوتیشی: سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌، ئامانجی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتنی كوردستانه‌ نه‌ك كه‌س‌و لایه‌نێك، بۆیه‌ ده‌خوازم ئێوه‌ رۆڵی خۆتان ببینن، له‌ هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌ژداری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بچن ده‌نگ بده‌ن.

 

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك هاوكار بێت بۆ به‌ باش‌و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌‌و پیشاندانی رووی گه‌شی كوردستان به‌ وڵاتی ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند نمونه‌یه‌كی له‌باره‌ی پێشوه‌چوونی كوردستان‌و هاتنی كۆمپانیا بیانیه‌كان‌و هه‌بوونی كونسوڵی وڵاتان‌و ئاوه‌دانی‌و ئه‌من‌و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاماده‌بووان شیكرده‌وه‌.

 

 

جێی ئاماژه‌پێدانه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌و به‌رپرسی حزبی‌و ئیداری تێدا به‌ژدار بوون.