سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان بۆ رووداو: پێویسته‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاسایشی نیشتمانی بپارێزین

به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی رێكه‌وتی 20/9/2013 له‌ به‌رمیانه‌ی به‌ژداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی (نورۆژ)ی كه‌ناڵی ئاسمانی رووداو سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی وتاری هه‌ینی مامۆستایانی ئایینی له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید وێڕای ئه‌وه‌ی پیرۆزبایی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌ گه‌لی كورد كرد، راشیگه‌یاند كه‌ ئێستا میلله‌تی كورد له‌به‌رده‌م پرۆسه‌یه‌كی گرنگ دایه‌ پێویسته‌ ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل‌و وڵات بكات.

 

له‌ به‌شێكی به‌رنامه‌كه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان رۆڵی مامۆستایانی ئایینی به‌رز نرخاند، كه‌ توانیویانه‌ هاوسه‌نگی رابگرن‌و پێگه‌ی خۆیان بپارێزن، وه‌ توانیویانه‌ خه‌ڵك ئاگادار بكه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌هه‌ست كردن به‌ گیانی به‌رپرسیارێتی مامه‌ڵه‌ بكه‌ن‌و خۆیان به‌دوور بگرن له‌ كاری نه‌ویستراوه‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها گوتیشی: زۆر گرنگه‌ مامۆستای ئایینی له‌ وتاری هه‌ینی خه‌ڵك هۆشیار بكاته‌وه‌، كه‌ به‌ژداری ده‌نگدان بكه‌ن‌و به‌هێمنی پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن‌و رێز له‌یه‌كتر بگرن‌و هاوكاری یه‌كتری‌و به‌تایبه‌تی پیرو په‌ككه‌وته‌‌و ئافره‌ت‌و كه‌سی نه‌خۆش بكه‌ن.

 

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان گوتیشی: ئه‌وه‌ی زۆر به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌، پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ به‌وه‌ی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئینتیمای سیاسی لێك زویر نه‌بن‌و ته‌حه‌مولی یه‌كتری بكه‌ن، هه‌روه‌ها پاراستنی ئه‌من‌و ئاسایشی هه‌رێمه‌، كه‌ پێویسته‌ خۆمانی له‌ئاست به‌ به‌رپرسیار بزانین‌و بپارێزین، وه‌ ده‌بێ‌ هه‌مووان هۆشیاری بین، كه‌ پشێوی‌و ئاڵۆزی له‌ وڵات دروست نه‌بێ‌.

 

سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ دوای پرۆسه‌كه‌‌و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان پێویسته‌ قه‌واره‌ سیاسیه‌كان ده‌ره‌نجامه‌كان قه‌بوڵ بكه‌ن‌و كاندیده‌ ده‌رنه‌چووه‌كانیش شتی نه‌خوازراو نه‌خولقێنن، چونكه‌ سروشتی هه‌ڵبژاردن ده‌رچوون‌و ده‌رنه‌چوونی تێدایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هیوای خواست ئه‌وای سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنن بتوانن له‌ئاست به‌ڵێنه‌كانیان بن‌و خزمه‌تی گه‌ل‌و وڵات‌و نیشتمان بكه‌ن‌و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشترو پێشكه‌وتنی زیاترو ئاوه‌دانی پتر ببه‌ن.