لقی سلێمانی روونكردنەوەیەك لەسەر هەواڵێكی كوردیو بڵاودەكاتەوە

سایتی كوردیو یاداشتنامەیەكی مامۆستا عەبدولحەمید سیوەیلی بڵاوكردۆتەوە، گوایە یەكێتی زانایان بێهەڵوێست بووە لەسەر نەگێڕانەوەی مامۆستا بۆ سەر وتاردان‌و ناو شاری سلێمانی‌و، بۆ ئەم مامۆستایە هیچی پێنەكراوە.

مامۆستا نەجمەدین شەمساوا بەرپرسی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ سایتی زانایان روونكردنەوە لەسەر ئەم هەواڵ‌و یاداشتە دەدات‌و دەڵێت: مامۆستا نەدەبوو بەم شێوەیە گلەیی بكات‌و بەم شێوازە یاداشت بنووسێت، چونكە مامۆستا رۆژی پێنج شەمەی رابردوو (3/10/2013) بۆ یەكەمجار ئەم باسەی خۆی بۆ ئێمە هێناوە‌و، بەناوی ناوچەی زانایانەوە نووسراومان ئاراستە كرابوو، پێشتر شتی وا باس نەكراوە تا كەمتەرخەمیمان هەبێت، لە رۆژی پێنجشەمەش لەگەڵ زانینی بابەتەكە‌و هاتنی نووسراوەكەی، لە هەمان رۆژ‌و دەستبەجێ‌ بەدواداچوونمان بۆ مەسەلەكە كرد‌و، بە روونی پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانییەوە كردووە‌و، بە وردی باسمان كردووە، كە مامۆستای ناوبراو كە لە هەڵەبجە پيشەی مامۆستای خوێندنگەی ئیسلامییە لە قوتابخانەكانی وەزارەتی ئەوقاف، كەسێكی باش‌و لێهاتووە‌و پێویستە پشتیوانی بكرێت‌و تیشكمان خستە سەر تەواوی ئەو داوایانەی مامۆستا هەیبوون، داوامان كرد كێشەكەی چارەسەر بكرێت.

لە بەرامبەردا حاجی عیرفان بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە وەكالەت، ئامادەیی خۆی دەربڕی، كە مامۆستا نەقلی ناو شاری سلێمانی بكرێتەوە‌و، لە چ مزگەوتێك پێویستی هەیە مامۆستا وتاری هەینی بخوێنێتەوە‌و، لە ناو شاری سلێمانیش وانەكانی لە قوتابخانە بڵێتەوە، واتە ئامادەیی بۆ هەردوو داواكە دەربڕی چ وەكو مامۆستا‌و وانەگووتنەوە چ وەكو وتاربێژ.

دوای ئەوە داوامان لە مامۆستا كرد هەر زوو سەردانی ئەوقاف بكات‌و، كارە ئیدارییەكانی خۆی تەواو بكات، بە مامۆستاشمان گووت: لە هەر شوێنێك گرفتت بۆ دروست كرا بە زووترین كات پەیوەندیمان پێوە بكە بۆ ئەوەی هاوكاریتان بكەین، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی مامۆستا رۆییشت، كە رۆژی پێنجشەمە بوو، بەبێ‌ ئەوەی هیچ زانیاری‌و روونكردنەوەیەكمان پێ بلێت‌و، ئەنجامی كارەكانیمان پێ بلێت، كەچی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە‌و، رەخنە لە هاوكارییەكانی ئێمە بۆی دەگرێت، لە كاتێكدا ئیَمە گشت هاوكارییەكمان كردووە‌و، داوای ئەنجامی كارەكانمان لێی كردووە‌و، ئەویش وەڵامی نەداینەوە.

ئێستاش هیوادارین مامۆستا ئەنجامی كارەكەیمان پێ بلێت‌و، ئێمە سوورین لەسەر هاوكاریكردنی مامۆستا عەبد الحمید‌و تەواوی مامۆستایانی تری كوردستان.