بەرپرسی لقی هەولێر باس لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكات

ئا: مەلا هەندرێن بالیسانی

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/10/2013 لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە هەماهەنگی لە گەڵ رێكخراوی (پرسی میدیا) هەڵسا بە سازدانی سیمینارێك بۆ بەڕێز: مامۆستا نیاز راغب دێگەیی به‌ر پرسی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، لە ژێر ناونیشانی (رۆڵی زانایانی ئایینی بۆ هەڵمەتی وشیاركردنەوەی گەندەڵی)، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاوی زانایانی ئایینی‌و راگەیاندكاران، تیایدا كۆڕگێر ِباسی پرسی گەندەڵی كرد لەم سەردەمەی خۆمان‌و ئەو بوارانەی گەندەڵی دەیانگرێتەوە‌و، چارەسەركردنی ئەم دیاردە قێزەونە لە رووی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بەشێكی تر بوو لە سیمینارەكەدا.

كۆڕگێڕ بەشێكی سمینارەكەی تەرخان كردبوو، بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلای مامۆستایان‌و زانایانی ئایینی، بۆ ئەمەش چەند خاڵێكی دەستنیشان كردبوو، وەكو پێویستی: بە حەرامكردنی ستەم لە جێبەجێكردنی یاساكان دەرهەق بەو كەسانەی كە دەیانگرێتەوە بە هەرجوو دیوەكەی چ ئەو كەسەی یاسا لە بەرژەوەندی ئەو بێت یانیش لە زەرەری بێت.

هەروەها كار بكەین بۆ هەستی دڵسۆزانەی بەڕێوەبردنی كاروبارەكان بۆ خەڵك‌و، هەستكردن بە بەرپرسیارێتی‌و، دانانی كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، هەروەك پێویست گرنگی ئەمانەت‌و دەستپارێزی بزانن.

هەروەها بە روونی ئەو هەستە بڵاوبكرێتەوە لە حەرامكردنی ماڵ‌و سامانی گشتی یان ماڵی كەسانی دیكە.