سه‌نته‌ری زانایان بۆ چالاكی ئایینی سیمینارێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر (تیرۆر له‌ روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌) ساز ده‌كات

راگه‌یاندنی سه‌نته‌ر:

رۆژی 9/10/2013 به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هۆشیاری و بره‌ودان به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی‌و خستنه‌ رووی هه‌لوێستی ئیسلام له‌باره‌ی تیرۆره‌وه‌ سه‌نته‌ری زانایان بۆ چالاكی ئایینی به‌به‌شداری ژماره‌یه‌ك مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژانی مزگه‌وته‌كان سمینارێكی كراوه‌ی له‌ژێر ناوی (تیرۆر له‌روانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌) له‌شاری سۆران ساز كرد.

 

سه‌ره‌تا وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی به‌رپرسی سه‌نته‌ری زانایان وێڕای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان‌و ئیدانه‌ كردنی هێرشه‌ تیرۆریه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر، باسی له‌ مه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و دیارده‌ نه‌خوازراوه‌ كرد، كه‌ زیانی بۆ خاك‌و خه‌ڵك‌و نیشتمان هه‌یه‌‌و له‌گه‌ڵ هیچ قیه‌م‌و به‌هایه‌كی مرۆیی یه‌ك ناگرێته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك به‌ پێویستی زانی مامۆستایانی ئایینی رۆڵی خۆیان بگێرن له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌مه‌ترسیه‌كانی تیرۆرو هاوڵاتیانیش هۆشیار بكه‌نه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان.

 

دواتر دكتۆر عه‌ره‌فات كرم مامۆستای زانكۆ سه‌باره‌ت به‌ ناونیشانی سیمیناره‌كه‌ بابه‌تێكی پێشكه‌ش كرد‌و پێناسه‌ و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی تیرۆری خسته‌ روو له‌گه‌ڵ باس كردنی هۆكاره‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌روه‌ك تێروانینی ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بۆ ئاماده‌بووان شیكرده‌وه‌و ئه‌ركی مامۆستایانی ئایینی له‌م رووه‌وه‌ به‌گرنگ وه‌سف كرد.

 

له‌به‌شێكی تری سمیناره‌كه‌دا رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی به‌ ئه‌ركی هه‌ر هاوڵاتیه‌ك دانا‌و داواشی كرد زیاتر بایه‌خ به‌م بابه‌ته‌ بدرێت له‌رێگای مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان و ناوه‌نده‌كانی خوێندن و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌.

 

جێی ئاماژه‌ پێدانه‌ دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌ سه‌رنج‌و تێبینی‌و پێشنیارو پرسیار بابه‌ته‌ ده‌وڵمه‌ندتر كراو سیمیناره‌كه‌ كۆتایی هات.