چۆمان: سیمینارێك له‌سه‌ر (رۆڵی زانایان له‌ رێگریكردنی خۆكوشتن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێ‌ ئومێدی) ساز كرا

رۆژی 26/10/2013 له‌ هۆڵی بۆنه‌كانی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی چۆمان، سه‌نته‌ری ئاینده‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی چۆمانی یه‌كێتی زانایان‌و تێبینه‌رایه‌تی ئه‌وقافی چۆمان، سیمینارێكی له‌ ژێر ناونیشانی (رۆڵی زانایان له‌ رێگریكردنی خۆكوشتن‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بێ‌ ئومێدی) به‌ڕێوه‌چوو.

 له‌و سیمیناره‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوو له‌ مامۆستایانی ئایینی سنووری ناوچه‌ی ناوبراو ئاماده‌ی بوون، وێڕای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قوڕئانی پیرۆز، له‌سه‌ره‌تادا مه‌لا عه‌بدوڵڵا شێركاوه‌یی به‌رپرسی ناوچه‌ی چۆمانی یه‌كێتی زانایان له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای به‌خێرهێنان‌و خۆشحاڵی ده‌ربڕین، ده‌ستخۆشی خۆشی ئاراسته‌ی سه‌نته‌ری ناوبراو كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگی‌و هه‌نگاوانه‌ی كاریان له‌سه‌ر ده‌كات‌و رۆڵی زانایانیشی به‌گرنگ‌و شایسته‌ وه‌سف كرد.

 دواتر هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان دكتۆر ئه‌حمه‌د وه‌رتی‌و مامۆستا مه‌لا یاسین وه‌رتی وتاریان پێشكه‌ش كردو به‌گرنگیه‌وه‌ رۆڵی زانایانیان له‌هه‌مبه‌ر پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان به‌رز نرخاندو ئامانجی سیمیناره‌كه‌شیان روون كرده‌وه‌.

 دواتر به‌رێز دكتۆر ئیبراهیم عبدالرحمن هه‌رته‌لی‌و دكتۆر مادح مه‌لا محمد به‌رزێوه‌یی له‌سه‌ر ناونیشانی سیمیناره‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی گرنگیان بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ روو، كه‌ تێیدا وێڕای شیكارو ره‌هه‌ندی مێژوویی‌و روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ئیسلام له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌، له‌هه‌مان كات تیشكیان خسته‌ سه‌ر رۆڵی زانایانی ئایینی له‌ هۆشیار كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌باره‌ی ئه‌و دیارده‌ ترساكه‌ی رووی له‌ مرۆڤایه‌تی كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌دواییدا له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌ پرسیارو سه‌رنج‌و تێبینی سیمیناره‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرا.