لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیاندا: سەرۆكی زانایان داوا دەكات پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكان بكرێ بە كۆلیژ


ئەمڕۆ سێشەممە 12/11/2013 مامۆستا عەبدوڵا گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان‌و مامۆستا ئەحمەدی شافعی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی بەشداریان كرد لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی شازدهەمی قوتابیانی پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بریتی بوون لە (853) قوتابی كوڕو كچ لە هەردوو بەشی بانگەوازو پەروەردەی ئیسلامی.

ئەمەو لە ئاهەنگەكەدا وێڕای قوتابیان‌و مامۆستایانی پەیمانگاكە مامۆستایانی ئایینی‌و وەزیری ئەوقاف‌و پارێزگاری هەولێرو ژمارەیەك پەڕلەمانتاربەشدار بوون.

لە میانەی وتارەكاندا سەرۆكی یەكێتی زانایان وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد لە دوای پیرۆزبایی كردن لە دەرچوانی خولی شانزەیەمینی پەیمانگاو دەستخۆشی لە مامۆستاكان ئاماژەی كرد بەوەی دەبێ هەموومان برەو بدەین بە بڵاوكردنەوەی تەبایی‌و برایەتی‌و پێكەوە ژیان لە كوردستانماندا، لە بەشێكی تری وتارەكەی گوتی: پێویستە بایەخ بە خۆمان بدەین زیاتر بەرەو پیری خوێندنەوەو زانست‌و زانیاری بچین‌و خۆمان بە زانستەكانی سەردەم  رۆشنبیر بكەین، لە كۆتاییدا: داوای كرد كە ئەم پەیمانگایە بكرێ بە كۆلێژ تا قوتابیانمان زیاتر سوود لەم دەزگایە زانستیە وەربگرن و بتواندرێت ببێتە رێگە خۆشکردن بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان.