به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی سۆران جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ده‌كات

پیرۆزبایی نامه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی سۆران
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز
به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز و هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زان جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزبایمان ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین و له‌ خوای گه‌وره‌و میهره‌بان داواكارین كه‌ رۆژوی ئه‌م مانگه‌ و نوێژ و نزای شه‌وانی قه‌در و به‌خششی هه‌موو لایه‌كمان قبوڵ بكات و ببێته‌ تێشووی قیامه‌ت و هۆكاری لێخۆشبوون له‌ تاوانه‌كانمان و له‌ هه‌مان كاتیشدا هیوای خێر و خۆشی و سه‌ركه‌وتن و هێنانه‌دی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ی و نیشتمانییه‌كان بۆ گه‌لی كوردستان ده‌خوازین.

بێگومان مانگی ره‌مه‌زان پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ مرۆڤ تا به‌خۆی دابچێته‌وه‌ و هه‌وڵ بدات خۆی له‌ یه‌زدان نزیك بكاته‌وه‌ و سوود له‌ گه‌وره‌ی و پیرۆزی ئه‌و مانگه‌یه‌ وه‌ربگرێت، بۆیه‌ش ئه‌م ساڵ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوو له‌گه‌ڵ رۆژی درێژ و گه‌رمایه‌كی به‌تین، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا له‌وپه‌ری رێز و شكۆدارییه‌وه‌ به‌ڕێ كرا، خه‌ڵكی كوردستان هه‌ستی ئاینپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان سه‌لماند و له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ سوپاسه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌م ده‌ڤه‌ره‌ بایه‌خێكی زۆریان به‌م مانگه‌یه‌دا كه‌ هیواداین له‌ دوای ره‌مه‌زانیشه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بایه‌خ و گرنگی به‌ به‌رنامه‌ ئاینییه‌كانیان بده‌ن.

به‌و ئومێده‌ین رۆژانی جه‌ژنیش به‌ شادی و خۆشی به‌رینه‌ سه‌ر و ئه‌م جه‌ژنه‌ش ببێته‌ هۆكارێك بۆ ئاسووده‌یی گه‌لی كورد و كۆتای هاتن به‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسیه‌ی له‌ عێراق هه‌یه‌ و حكومه‌تێكی تازه‌ پێكبهێندرێت و كوردیش یه‌كێك بێت له‌ پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی و گرفت و كێشه‌كانیش رێگا چاره‌یان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.
هه‌موو كاتێكتان هه‌ر جه‌ژن و هه‌موو جه‌ژنێكتان پڕ له‌ شادی و كامه‌رانی بێت.


له‌گه‌ڵ رێزماندا



راگه‌یاندنی
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی سۆران