مامۆستا جەلال خەیلانی: گەر كەسێ بە خواردەمەنی ماوە بەسەرچوو كۆمپانیەیەك بمرێ خاوەنی كۆمپانیا قاتیلە

رۆژی شەممە 23/11/2013 مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆكی یەكێتی زانایان بەشداری كرد لە كۆنفرانسی (رێكخراوی دڵسۆزی بۆ هزرو رۆشنبیری) لە رێستورانتی چراخان لە شاری هەولێر.

كۆنفرانسەكە لە ژێر ناونیشانی (بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت) بوو، ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە ناحكومیەكان بەشداری كۆنفرانسەكە بوون، لە كۆنفرانسەكەدا سێ توێژینەوە پێشكەشكران بە ناونیشانەكانی:

1-     پەیوەندی كۆمپانیاكان بە رەهەندی ژینگەییەوە.

2-        پەیوەندی كۆمپانیاكان بە رەهەندی نیشتمانیەوە.

3-     خزمەتكردنی كۆمپانیە بچوكەكان بە هاوڵاتیانی كوردستان.

مامۆستا مەلا جەلال وەك یەكێتی زانایان چەند راسپاردەو ئامۆژگاریەكی پێشكەش بە كۆنفرانسەكە كرد ئەوانە هەندێكیانن:

1-     داوا دەكەین كە كۆمپانیاكان بە هیچ شێوەیەك شت‌ومەك‌و خواردەمەنی ماوە بە سەرچوو نەهێننە ناو وڵاتەكەمان، چونكە گەر كەسێك زەرەرمەند بێت  لە رووی گیانی یان ماڵی ئەوە خاوەن كۆمپانیا یان هێنەری شتەكە تۆمەتبارەو بكوژە.

2-     ئاگاداری ئەو شت‌ومەكانە بن كە دێنە ناو وڵاتمان نەوەك لە گەڵ شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام نەگونجێن، یا بە داب‌و نەریتی كۆمەڵایەتی كوردەواری نامۆ بێت.

3-     دروستكردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان كۆمپانیاكان‌و زانایانی ئایینی.

4-     كۆمپانیا خێرخوازەكان كاری خۆیان رابگەیەنن تاكو كۆمپانیاكانی تریش چاویان لێبكەن.