لە دیداری زانایانی خورماتوو یەکێتی زانایان پشتیوانی گێڕانەوەی شارەکە بۆ سەر شاری کەرکوك دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/12/2013 مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پێشوازی كرد لە شاندێكی زانایانی ئایینی ئیسلامی قەزای دووز خورماتوو.

لە میانەی دانیشتن‌و كۆبونەوەیاندا مەلا عەبدوڵا مەلاسەعید سەرۆکی زانایان وێڕای بەخێرهێنانی میوانان پشتگیری و پشتیوانی یەکێتی زانایانی بۆ زانایان بە گشتی دووپات کردەوە بەتایبەتی زانایانی ئایینی‌ دووزخورماتوو و هەڵوێستەكانیان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی زانایان بە روونی رایان گەیاند ئەوان پشتگیری تەواو دەكەن لە هەنگاوی گەڕانەوەی قەزای دووزخورماتوو بۆ سەر پارێزگای كەركوك، كە ماوەیەكە لە لایەن دام‌و دەزگاكانی دووز خورماتوو هەنگاوی بۆ نراوە، لەو ناوەشدا تەئکید لە رۆڵی زانایان لەم بووارەدا کرایەوە بەتایبەتی وەك مێژووی هەمیشەیان پشتیوانی مافەکانی هاوڵاتیان بوونە.

پاراستن و  پارێزگاریکردن لە برایەتی‌و تەبایی‌و یەكڕیزی زانایانی ئایینی بە گشتی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.

ئەمەو کۆبوونەوەکە بووە جێگەی خۆشحاڵی هەموو لایەك.

شایانی باسە هەر یەك لە مامۆستا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆك‌ی زانایان و مامۆستا محدامین كەلاری‌و مامۆستا محمد وەرتی ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی‌و مامۆستا ئازاد خوڕشید بەرپرسی لقی كەركوكی یەكێتی زانایان‌و مامۆستا دلشاد گەڵاڵی بەرپرسی پەیوەندیەكان ئامادەی دیدارەکە بوون.