سەرۆكی زانایان: زیاتر ئەركی ئێمەی كوردە شانازی بە نورسیەوە بكەین

رۆژی شەممە 21/12/2013 لە كۆڕبەندی تایبەت بە بەدیعوزەمان نوری، كە لەلایەن پەیمانگەی زانستە ئیسلامیەكان هەولێر/ بەیانیان ئامادە كرا بووو، وتارێكی پێشكەش كرد، لە بەشێكی وتارەكەدا سەرۆكی زانایان: مامۆستا عەبدوڵا گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایان وێڕای دەستخۆشی زۆری بۆ پەیمانگەی زانست ئیسلامیەكانی هەولێر، كە بەم كارە پیرۆز‌و مەزنە هەڵستاون، لە بەشێكی وتارەكەیدا گووتی: (بێگومان كردنەوەی ئەم جۆرە كۆڕ‌و دانیشتنانە زەرورەتێكی زۆر پێویستە، بەتایبەتی كە هەموومان بەرهەمی زاتێكی وەك مامۆستا سەعیدی نوورسی لە واقیعدا دەبینین، كە هەموو سنوورەكانی بەزاندووە‌و، لە زۆربەی شوێنەكانی دونیادا كەسانێك هەن لە سایەی فیكر‌و زانستە ئەم زانا گەورەیە خزمەت دەكەن‌و دەژین.

لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم، كە دونیای مەعریفەت‌و وشیاری شانازی بە زاتێكی وەك مامۆستا سەعید دەكات، ئەگەر ئەوان هەقی ئەم شانازیە بەخۆیان بدەن، بۆ ئێمەی كورد وەكو ئەركێكی گەورەتر لەسەرمانە شانازی بەم زاتەوە بكەین، ئەوەش نە تەنها بۆ ئەوەی وەكو سومبولێك تەماشای بكەین، بەڵكو هەوڵ بدەین سوود لە بەرهەم‌و كارەكانی وەربگرین‌و، لە ژیانی رۆژانەماندا جێبەجێی بكەین‌و، منداڵ‌و نەوەكانمان لەسەری گۆش بكەین).

هەروەها سەرۆكی زانایان پێی وابوو هەموو لایەنێكی ژیانی مامۆستا سەعید جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن‌و تێڕامانە، بەتایبەتی ئەگەر لە چوارچێوەی ناونیشانی ئەم كۆنفراسنە تەماشای بكەین، چونكە مامۆستا كاتێك پەروەردەكار‌و مورەبیە وەنەبێ‌ شێوازێكی تەقلیدی گرتبێتە بەر، بەڵكو مامۆستا نەخۆشیەكانی تێكچوون‌و لاوازبوونی كۆمەڵگەی ئیسلامی دۆزیوەتەوە‌و، لەوێشەوە رێگە چارەی بۆ داناوە، مامۆستا ویستوویەتی كۆمەڵگەیەكی هێمن‌و ئارام‌و لەسەرخۆ بنیات بندرێت‌و، دوور بێت لە ململانێی بێ‌ ئەنجام، بەپێچەوانەوە كاتێك (نەزانی‌و، هەژاری‌و، پەرتەوازەیی) وەكو دەردی كۆمەڵگە دەستنیشان كردووە، لە بەرامبەردا رێگەچارەی لە (علم‌و، خۆشگوزەرانی‌و، برایەتی) دۆزیوەتەوە، كەواتە رێبازی مامۆستا بۆ ئەوەی بووە، دینداری لە چوارچێوەی تەقلیدی بچێتە دەر‌و، خەڵك بە ئەقڵ‌و لۆژیكەوە دینداری بكەن، بەمەش دەتوانن بەرەنگاری هەموو كۆسپ‌و تەگەرەكان ببنەوە، دیارە تەفرەقەش خراپترین دەرگایە نەخۆشی‌و ئازاری لە نێو جەستەی كۆمەڵگەی ئیسلامی دروست كردووە، بێگومان خۆشگوزارەانیش رۆڵی خۆی هەیە، چونكە زۆر جاران هەژاری قۆستراوەتەوە بۆ دروستكردنی ململانێی نێوەخۆیی‌و دەرەكی.

لە كۆتاییدا سەرۆكی زانایان بە میوانان‌و ئامادەكارانی كۆڕبەنەدەكەی راگەیاند: لێرەوە دووبارە دەستخۆشیتان لێدەكەم، هیوادارم بتوانین نەوەی نوێ‌ لەسەر هەمان رێرەوی مامۆستا پێبگەیەنین.