شاندێکی دەزگای ئیستەمبۆڵ بۆ زانست و رۆشنبیری سەردانی مەكتەبی تەنفیزییان كرد

رۆژی یەك شەممە 22/12/2013 شاندێکی دەزگای ئیستەمبۆڵ بۆ زانست و رۆشنبیری لە كەسانی ئەكادیمی‌و شارەزای وڵاتی توركیا سەردانی مەكتەبی تەنفیزی زانایانیان كرد، كە پێكهاتبوون لە سەرۆكی زانكۆی غازی عەنتاب دكتۆر ئیبڕاهیم ئۆزدەمیرو شاندی یاوەری، بی هاوڕێیەتی دكتۆر عومەر سێبەردانی راگری پەیمانگەی انستە ئیسلامیەكان و یاریدەدەرانی راگر‌و هەندێ لە مامۆستایانی پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكان سەردانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانیان كرد.

لەلایەن سەرۆكی یەكێتی زانایان مامۆستا مەلا عەبدوڵا مەلا سەعیدو هەندێ لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی‌و مامۆستایانی ئایینی پێشوازیەكی گەرمیان لێكرا.

سەرۆكی یەكێتی زانایان پەیوەندی نێوان كوردو توركیای لە زۆر روەوە خستە روو، جەنابیان گوتی: ئێمە لە گەڵ وڵاتی توركیا دراوسێین‌و لە یەكتری نزیكین‌و، لە رووی دینیەوە برای یەكترو هاو مەزهەبین‌و، هیواشی خواست كە ئەم چاو پێكەوتن‌و سەردانانە لە نێوانیان بەردەوامی هەبێت.

لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی زانكۆی عەنتاب خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ رەخساندنی ئەم دیدارو چاوپێكەوتنە‌و، زۆر سوپاسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە.

سەرۆكی یەكێتی زانایان رایگەیاند كە گەلی كورد هەوڵ و كۆشش‌و ماندووبونی خەڵكی توركیا لە یاد ناكات كاتێ لە كۆچڕەوی گەلی كورد لە ساڵی 1991 دەرگای خۆشەویستی‌و میهرەبانی خۆیان لە گەلی كورد كردەوە، گووتی: ئێمە گەر نەتوانین بەربەستە سنووریەكانی نێوانیشمان لاببەین دەبێ بەربەستی نێوان دڵەكانمان لاببەین ‌و ببین بە یەك دڵ‌و وەك یەك لاشە بین، زۆر جار دەوڵەتان ویستویانە ئاژاوە‌و پشێوی دروست بكەن بەلام ئێمە وەكو كورد بیرو بۆچوونەكانمان لە قورئان‌و سونەتەوە وەرگرتووەو، بە میانەڕەوی‌و میانگیری هەڵسووكەوت دەكەین، هەروەها رایگەیاند ئێمە شانازی بە پەیمانگای زانستە ئیسلامیەكانەوە دەكەین ئەو پەیمانگایەی ئەم سەفەرەیان بۆ ئێوە ریكخستووە بەراستی جێگەی شانازی ئێمەن‌و مامۆستاو كادیری باش كار لەم پەیمانگایە دادەكەن، دواتر پێناسێكی ریكخراوی یەكێتی زانایانی بۆ شاندی مێوان كرد‌و كارو چالاكیەكانی ئەو رێكخراوەی پێڕاگەیاندن كە بەشێكی بریتیە لە سەرپەرشتی كردنی كاری زانایانی ئایینی لە كوردستان‌و كردنەوەی دەورەی زانستی بۆ زانایانی ئایینی‌و رێگە خۆشكردن‌و پەیوەندی لە نێوان كوردستان‌و وڵاتانی ئیسلامی رێكخراوە ئیسلامیەكانی جیهان، سەرپەرشتی كاری فەتوا دەكەین لە كوردستان‌و پشتیوانی هەموو دامەزراوە دینیەكان دەكەین لە كوردستان بۆ بڵاوكردنەوەی تێگەیشتنی راست‌و دروست لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەمەش لە رێگەی (16) لقەوە لە هەموو شارەكانی كوردستان‌و سەرپەرشتی كردنی ئەم لقانەو رێكخراوەكەمان لە رێگەی هەڵبژاردنەوەیە.

شاندەكی توركیاش رایانگەیاند كە لە كۆنەوە كورد بە وەفا بوونە بەرامبەر ئیسلام‌و ئێمەش هەموو كات خزمەت بە دینی پیرۆزی ئیسلام دەكەین‌و ئەمانەوێ بە دل‌و بە لاشە لەگەڵ ئێوە دابین‌و، هەموومان هاوكاری یەكتر بین بۆ سەر خستنی دینی ئیسلام‌و برایەتی‌و پێكەوە ژیان.

لە كۆتاییدا سەرۆكی زانایان لەگەڵ شاندی مێوان هەموو بەشەكانی ئیداری‌و راگەیاندنیان بە هەرچوار بەشەكەیەوە (وێب سایتی زانایان، گۆڤاری زانایان، رادیۆی زانایان، تەلەفزیۆنی زانایان)یان بە سەركردەوە.

سەرۆكی زانكۆی غازی عەنتاب دكتۆر ئیبڕاهیم ئۆزدەمیر بۆ تەلەفزیۆنی زانایان گوتی: ئێمە دەست خۆشی لە یەكێتی زانایان دەكەین‌و رایگەیاند كە زۆر خۆشحالم بەو هەموو چالاكی‌و بەرەو پێشچوونانەی یەكێتیەكەتان بە خۆیەوە بینیوە، هیوادارم هەر بەرەو پێش‌و سەركەوتوبن. ئەمەو شاندەكە لە لایەن مەكتەبی تەنفیزیەوە بەڕێزەوە بەڕێكران.