سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ده‌ڤه‌ری دهۆك‌و شێخان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌

رۆژی 23/12/2013 سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌رێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵا مه‌لا سه‌عید له‌سه‌ردانێكدا بۆ ده‌ڤه‌ری پارێزگای دهۆك هه‌ردوو لقی شێخان‌و دهۆكی یه‌كێتی زانایانی به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

 

له‌میانی سه‌ردانی بۆ لقی شێخانی یه‌كێتی زانایان‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی شێخان، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باسی له‌ رۆڵی دیاری زانایان كردو ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی نێوان ده‌زگا ئایینیه‌كان‌و گیانی پێكه‌وه‌ ژیانی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رز نرخاند.

 

له‌ به‌شێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان هه‌مان رۆژ سه‌ردانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقاف‌و په‌یمانگای زانسته‌ ئیسلامیه‌كان‌و دواناوه‌ندی ئه‌وقافی ئیسلامی كردو، له‌ تێكڕای دانیشتنه‌كانیش ته‌ئكیدی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ بایه‌خی زیاتر به‌ خوێندنی ئیسلامی‌و قوتابیانی ئایینی بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوو به‌ گیانێكی به‌رپرسانه‌‌و هه‌ستی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی كار بكه‌ن.

 

هه‌روه‌ها له‌ هۆڵی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی حه‌جی دهۆك سیمینارێكی تایبه‌ت بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان به‌ به‌ژداری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی سنووره‌كه‌ رێكخرا، تێیدا سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ پێویسته‌ زانایان له‌ وتاری هه‌ینی هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن‌و خۆیان له‌ بابه‌تی فه‌توا‌و ته‌شهیرو ناوزراندن بپارێزن.

 

دوای نیوه‌رۆی هه‌مان رۆژ سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی لقی دهۆكی یه‌كێتی زانایانی كردو له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ هه‌واڵ‌و جمجۆڵی زانایانی پرسی‌و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گرنگ‌و په‌یوه‌ست به‌ زانایان‌و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌.