له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوواییدا، كه‌سانێك كه خۆیان به ڕۆشنبیر ناوزه‌د كردووه، ئه‌وه بۆ چه‌ندین جاردهچێتِِ سه‌نگه‌ر له زانایانی ئایینی و ته‌نانه‌ت خودا‌و پێغه‌مبه‌رانیش ده‌گرن، به داخه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و زمانه‌ی كه ئه‌وان قسه‌ی پێده‌كه‌ن ته‌نیا له زمانی ڕۆشنبیران ناچێت، خۆ به‌زل زانین و لوت به‌رزی و به‌پیرۆز زانینی خۆشیان گه‌یشتۆته ڕاده‌یێك، بڕوا ناكه‌م هیچ دیكتاتۆرێك ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان بڕی كردبێت. ئه‌و هه‌موو له‌خۆبایی بوون و خۆ ههڵكێشانهیان ته‌نیا نیشانه‌ی بێ تفاقی و سفر هێنانیانه له ڕۆشنبیری و زانست و مه‌عریفه‌دا، ئه‌گینا چۆن كه‌سێك كه ناوی له خۆ ناوه ڕۆشنبیر، حه‌ق به‌خۆی ده‌دات بكه‌وێته لێدانی پیرۆزیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یێك و له ژێر ناوی ئازادی ڕاده‌ربڕیندا سووكایه‌تی به عه‌قڵ و بیر‌و باوه‌ڕیان بكات و، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ی خۆیدان، به نه‌زان و دوواكهتوو كۆنه‌په‌رست و نه‌فام بزانێت و، به خه‌ڵكیش ڕه‌وا نه‌بینێت له‌سه‌ر خۆیان و ئایین و باوه‌ڕیان به وه‌ڵام بێن؟! بۆچی بۆ ئه‌وان ڕه‌وا بێت سنووری ئازادیش ببه‌زێنێ، به‌ڵام خه‌ڵك بۆی نه‌بێت قسه بكات؟.
ئێمه حه‌قی خۆمانه بپرسین: ئه‌رێ ئه‌و هه‌موو خۆ به‌پیرۆز زانینهتان له پای چی؟ چ كه‌سێك ئه‌و كراسه‌ی به باڵاتان بڕیوه؟ چ شتێك وایكردووه خۆتان له خه‌ڵكی ئاسایی به‌گه‌وره‌تر بزانن؟ نهێنی گه‌وره‌یی ئێوه له چی دایه؟ ئه‌و پیرۆزیه‌ی كه ئێوه به خۆتان به‌خشیوه له‌سه‌ر چ بنهمایێكه؟ ئایا هه‌ر به‌وه‌نده‌یه كه خۆتان ناوتان له‌خۆ ناوه ڕۆشنبیر؟ من نازانم چیتان له‌خه‌ڵكی ئاسایی زیاتره تاحهق به‌خۆتان بده‌ن په‌لاماری هه‌موو كون و كه‌له‌به‌رێك بده‌ن و، خه‌ڵكیش كه‌ڕو لال و كوێر كڕنۆشی خودایهتیتان بۆ ببات؟.
بێگومان هه‌موومان مرۆڤین و پڕبه‌هاترین سه‌رمایه‌ی مرۆڤیش، مرۆڤ بوونیه‌تی، هه‌ر هه‌نگاوێكیش بۆ بێ به‌هاكردنی مرۆڤ له‌لایه‌ن هه‌ركه‌سێكه‌وه بهاوێژرێ، ئه‌وا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه خودی ئه‌و كه‌سه له مرۆڤایه‌تی شۆراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر چاوێك به‌و نووسراوانه‌دا بخشێنین كه له ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و ماڵپه‌ڕه كوردیه‌كاندا له‌لایه‌ن ئه‌و خۆ به‌رۆشنبیر زانانه‌وه نووسراون، ده‌بینین پڕیه‌تی له سووكایه‌تی كردن به مرۆڤ و به‌ها پیرۆزه‌كانی مرۆڤ ، ته‌نانه‌ت له به‌رامبه‌ر هاوپیشهكانیشیاندا, هه‌رچه‌نده پێم شه‌رمه قسه‌ی ئه‌وان دووباره بكه‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌ر بۆنموونه سه‌یری ئه‌و ده‌سته‌واژانه بكه‌ن كه خۆیان به‌رامبه‌ر به كتری به‌كاری دێنن: (فلانه كه‌س بۆ پاره... ده‌دات)، (ئێره یه‌كێتی نووسه‌رانه یان یه‌كێتی ...ده‌ران؟ )، ( قه‌ڵه‌مه خۆ فرۆشه‌كان، هه‌رزه‌گۆ، زمان درێژ، زمان پیس، چڵكاوخۆر، خوێڕی، گوخۆر، پاشه‌ڵ ته‌ڕو، چه‌ندین ناو‌و ناتۆره‌ی تر) ئه‌وانه هه‌مووی قسه‌ی ئه‌وكه‌سانه‌یه كه ناویان له خۆ ناوه ڕۆشنبیر، پێشیان وایه ده‌بێت خه‌ڵك به پیرۆزیان بزانێ.
جا ئه‌گه‌ر رۆشنبیری ته‌نیا به‌وه بێت كۆمه‌ڵه قسه‌یێكی بێ مانا بخه‌یته سه‌ر كاغه‌زو په‌لاماری هه‌موو كه‌سێك بده‌ی كه بیروباوه‌ڕیان له‌تۆ جیاوازه، ئه‌ی نا رۆشنبیر كامه‌یه؟ ئاخر ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان داوه‌ته قه‌ڵه‌م، به رۆشنبیر‌و ڕۆژنامه‌نووسیان بزانین و هه‌موویان له‌سه‌ره‌وه‌ی یاساوهبن و، له‌هه‌ر شوێنێك كۆمه‌ڵه كه‌سێك له‌ده‌وری یه‌كتری كۆبوونه‌وه‌و به ئاره‌زووی خۆیان یاسایێكیان داڕشت و گووتیان ئێمه پیرۆزین و، هه‌رچی پێمان خۆشه ده‌یكه‌ین و ده‌یلێین، به‌پێی یاساكه‌ی خۆشمان كه بۆیی نییه پێمان بڵێت پشتی چاوتان برۆیه، ئه‌وا پێویسته په‌رله‌مان دابخرێت و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌وێش ده‌رچوون بسووتێنرێن و، چیتر خه‌ڵكی كوردستان به هه‌ڵبژاردنیه‌وه خه‌ریك نه‌كرێت. ئه‌ی سه‌روه‌ری یاسا چ مانایێكی هه‌یه؟!.
كاره‌سات له‌وه‌دایه هه‌موو شتێك به‌خۆیان ڕه‌وا ده‌زانن، كه‌چی ناتوانن یه‌ك دوو قسه‌ی به‌رامبه‌ریان ته‌حه‌ممول بكه‌ن، ڕۆژنامه‌نووس هه‌یه به‌رامبه‌ر به چه‌ند هه‌زار دینارێكی برێمه‌ر دونیایێك بوختانی بۆ كه‌سێك هه‌ڵبه‌ستووه‌و، هه‌رچی وشه‌ی ناشیرینه له به‌رامبه‌ریا به‌كاری هێناوه، گوایه ڕۆژنامه‌نووس و ڕۆشنبیره‌و، پێی وایه ئه‌بێت له‌سه‌رووی یاساوه بێت و به پیرۆز سه‌یر بكرێت.
ئه‌و به‌رێزانه كاتێك باس له پێشكه‌وتن و دونیای سه‌رده‌م ده‌كه‌ن و مامۆستایانی ئایینی به ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن ده‌زانن، كه‌سێك شاره‌زایان نه‌بێ، وا ده‌زانێ سنعهتكارانی ژاپۆن و ئه‌مریكا و ڕوسیا شاگردانی به‌رده‌ستی ئه‌وانه بوون، لهبیرخۆشیان ده‌به‌نه‌وه كه ڕێزگرتن له مرۆڤ و پارێزگاری له به‌ها پیرۆزه‌كانی مرۆڤ، چڵه‌پۆپه‌ی هه‌موو پێشكه‌وتنێكه، كه‌چی له‌جیاتی هه‌موو پێشكه‌وتنێكی دونیای سه‌رده‌م، ئه‌وان ته‌نیا جنێودان و سووكاتی كردنیان به كه‌رامه‌تی مرۆڤ هه‌ڵبژاردووه. پێشیان وایه رۆشنبیرن و ئه‌بێت به‌چاوی پیرۆزیه‌وه سه‌یریان بكرێت.
لای ئێمه‌مانان و خۆشیان ئاشكرایه كه په‌رێزی ژماره‌یێكی یه‌كجار زۆریان ئه‌وه‌نده پاك نییه تا ئه‌وه‌نده به‌خۆیان هه‌ڵبڵێن و ناو‌و نازناوی قه‌به بۆ خۆیان بتاشن، هه‌ندێكیان به‌قه‌ده‌ر ڕۆژانی ساڵ حزب حزبێنهیان كردووه‌و، وه‌كو گوله‌به‌رۆژه هه‌ر ساتێك ڕوویان لهلایێكه، بگره هه‌میشه له مه‌زاددا بوون، كام حزب كام لایه‌ن زۆرترین پاره‌یان پێ ده‌دات، تاوه‌كو ئه‌و كانیاوه‌ی تا دوێنی ئاویان لێ ده‌خوارده‌وه به‌ردی تێ بگرن و شلوێی بكه‌ن، بڕوام وایه ڕۆشنبیره ڕاسته‌قینه‌كان ئه‌م شاهیدیهم بۆ ده‌ده‌ن، كه‌چی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شن به‌چاوی خانی و حاجی قادری كۆیی سه‌یریان بكه‌ین.
جێگه‌ی شانازیه مامۆستایانی ئایینی تا له‌ده‌ستیان هات، ویستیان ڕێگه له ڕشتنی خوێنی كورد به‌ده‌ستی كورد بگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕێگا نه‌ما هانای بۆ نه‌به‌ن، كه‌چی ڕووپه‌ڕی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانی كوردستان، هاندان بوو بۆ گه‌رم كردنی شه‌ڕه‌كه. خۆ ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ كه‌سانێك به‌ناوی مه‌لاو زانای كورده‌وه هانی شه‌ڕیشیان دابێت، ئه‌وا ناكاته یه‌ك لهههزاریش، به‌ڵام هی ئێوه پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. ئێستاش ئه‌گه‌ر سیاسیه‌كان به گوێیان بكه‌ن، خراپتر له‌پێشوو ئاگری شه‌ڕه‌كه داده‌گیرسێننه‌وه. هه‌ر پشێویێكیش له كوردستان ڕوویدا بێت، خۆ به رۆشنبیرزانان كه‌سی یه‌كه‌م بوون له قووڵ كردنه‌وه‌یدا، ڕووداوه‌كانی دووای كوشتنی (سه‌رده‌شت عوسمان)یش باشترین به‌ڵگه‌یه كه چۆن ده‌یانه‌وێ كوردستان به فه‌للوجه بشوبهێنن و بارودۆخێك بخوڵقێنن كه كه‌سمان خۆمان به خاوه‌نی سه‌رو ماڵی خۆمان نه‌زانین، چۆن هه‌موو توانایێك ده‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ سووك كردنی سومعه‌ی كورد‌و، چۆن ده‌یانه‌وێ ڕووی گه‌شی كوردستان به دزێوترین شێوه پێشانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی بده‌ن، چۆن ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا په‌ره به‌ناوچه گه‌رێتی بده‌ن و كوردستان به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یێكی جیاجیادا دابه‌ش بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هی دووژمنیان پێ كه‌م بێت و بیانه‌وێت ته‌واوی بكه‌ن!!
ئه‌مه‌یان هه‌رگیز به‌و مانایه نییه كه هه‌رچی ناوی مه‌لای پێوه‌بوو، مهلائیكهتهو له‌سه‌رووی یاساوه‌یه، دیاره ئه‌وانیش مرۆڤن و هه‌ڵه ده‌كه‌ن، هه‌رگیزیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نیم كه له وتاری ڕۆژانی هه‌ینی یان له‌هه‌ر بۆنهیێكی تردا، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌م و ئه‌و، قه‌تیش له‌گه‌ڵ هیچ ناوزڕاندنێك دانیم، هه‌ركه‌سێكیش به‌رامبه‌ر به كاروكرده‌وه‌ی خۆی به‌رپرسیاره، به‌ڵام خۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ههڵهیهشیان كردووه له‌په‌نجه‌ی ده‌ست تێناپه‌ڕن، كه‌چی به‌ناو ڕۆشنبیران ئه‌گه‌ر ئیشیان ده‌ست نه‌كه‌وت و بازاڕیان ڕووی له كه‌سادی كرد، به‌بێ پاساوو هۆ ده‌كه‌ونه لێدانی ئایین و ڕه‌وشتی كۆمه‌ڵگای كوردی. هه‌میشه‌ش مامۆستایانی ئایینی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سووكایه‌تیه‌ی پێیان ده‌كرێت دانیان به‌خۆدا گرتووه‌و به‌رپرسانه هه‌ڵسوكه‌تیان كردووه، خۆ ئه‌گه‌ر زانایانی ئایینی هاوشێوه‌ی ئه‌وان كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت، بێگومان ده‌توانن بارودۆخێك بخولقێنن كه هه‌ركه‌س به‌قه‌ده‌ر به‌ڕه‌ی خۆی پێی ڕابكێشێت و له‌شوێنی شیاوی خۆیدا به‌وه‌ستێ، به‌ڵام ئه‌وان به‌رپرسیارێتیی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییان له ئه‌ستۆدایه‌و هه‌رگیز ڕێگا به‌خۆیان ناده‌ن خۆیان بێننه ئاستی كه‌سانێك كه جنێودان و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بوختان كردن به پێشكه‌وتن و شارستانی ده‌زانن.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم: دابه‌ش كردنی كۆمه‌ڵگا بۆ سه‌ر دوو چینی ڕۆشنبیرو نا ڕۆشنبیر، هه‌ڵه‌یێكی زۆر گه‌وره‌یه‌و، پێویسته ڕۆشنبیرو نووسه‌ره ڕاسته‌قینه‌كان سنوورێك بۆ ئه‌و دابه‌ش كردنه دابنێن و، چیتر له ئاست ئه‌و سووكایه‌تییه بێده‌نگ نه‌بن كه هه‌ندێ كه‌س به‌ناوی ئه‌وانه‌وه سه‌نگه‌ریان له ئایین و ڕه‌وشت و بیروباوه‌ڕی كۆمه‌ڵگای كوردستانی گرتووه. |