بە بەبۆنەی مانگی مەولودو لە ئاهەنگێكی قەشەنگدا پەخشی ئاسایی تەلەفزیۆنی زانایان كەوتە كار

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/1/2014 لە سەرەتای مانگی رەبیعی یەكەمی لە دایك بوونی فەخری كائینات‌و لە ئاهەنگێكی قەشەنگ بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف‌و پارێزگاری هەولێرو چەند بەڕێوەبەرێك‌و كۆمەڵێك مامۆستای ئایینی‌و میوانێكی بەرچاو تەلەفزیۆنی زانایان دەستی بە پەخشكردنی بەرنامە ئاساییەكانی خۆی كرد.

ئەمەو سەرەتای ئاهەنگەكە بە چەند ئایەتێك لە قوڕئانی پیرۆز كە لەلایەن مامۆستا سەدرەددین بالیسانی خوێندرایەوە دەستی پێكرد، دواتر وتەی بەخێرهاتن لە لایەن بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی زانایان مامۆستا تەیب زیارەتی پێشكەش كراو، مامۆستا عەبدوڵا مەلا سەعید گرتكی سەرۆكی یەكێتی زانایان وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبوان كردو پیرۆزبایی مانگی مەولودی لە موسڵمانان كردو رایگەیاند توانیومانە ئەم تەلەفزیۆنە بخەینە كار بەم توانا كەمەی كە لە بەردەستماندایەو بەبێ یارمەتیدانی هیچ لایەنێك، هەروەها  بێ لایەنی تەلەفزیۆنی زانایانیشی بۆ هەموو لایەك دووپات كردەوەو دەست خۆشیشی لە كارمەندان‌و راگەیاندنكارو مامۆستایانی ئایینی‌و لقەكانی سەر بە یەكێتی زانایان كرد بۆ هەموو هەوڵ‌و تێكوشان یان.

بەشێكی تر لە ئاهەنگەكە بریتی بوو لە وتەی بەڕێز حاجی كامیل  وەزیری ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاری هەولێر بەڕێز نەوزاد هادی.

لە كۆتاییدا سەرۆكی یەكێتی زانایان بانگی بەتەمەنترین مامۆستای ئامادەبووی ئاهەنگەكەی كرد بۆ رواندنی پەخشی ئاسایی تەلەفزیۆنی زانایان ئەویش مامۆستا شێخ محمد مێرسیدی بوو.