یەكێتی زانایان ئیدانەی دەستدرێژیكردنە سەر كچەكەی رۆژئاوای كوردستان دەكات

 

بەناوی خوای گەورە‌و میهرەبان

چەند رۆژێكە هەواڵی ئەوە بڵاوبۆتەوە، كە چەند كەسێك بە شێوازێكی زۆر بێ ویژدانانە دەستدرێژیان كردۆتە سەر كچە كوردێكی ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان، ئێمە لە كاتێكدا بە تووندی ئیدانەی ئەم كارە قێزەونە دەكەین‌و بە لووتكەی نامرۆڤبوون‌و شەرمەزاری دەزانین‌و، دوورە لە هەموو بەها ئایینى‌و كۆمەلایەتی‌و مرۆییەكان و هەموو لایەنەکانی ئەم کارە قێزەونە دژو پێچەوانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، لە هەمان كاتدا دەستخۆشییەكی گەرم لە پۆلیسی هەولێر‌و تەواوی هێزە ئەمنیەكان دەكەین، كە بە زووترین كات تاوانبارانیان دۆزینەوە، بەم كارە وێڕای دەستگیركردنی تاوانباران، جارێكی دیكە هاووڵاتیانیان دڵنیاكردەوە لە چاوكراوەیی هێزە ئەمنیەكان‌و، دڵنیابوون لە ماڵ‌و حاڵ‌و كەسایەتیان، دڵنیاشین دادگا رۆڵی راستەقینەی خۆی دەبینێت‌و، دوای سەلماندنی تاوانەكە كەمترین ئاسانكاری لەم كارە دڕندانەیە ناكرێت.

 

مەكتەبی تەنفیزی

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

9/1/2014