شاری كەركوك یادی لە دایك بوونی سەروەری مرۆڤایەتی كردەوە

لە ژێر ناوناونیشانی خۆشەویستی پێغەمبەری خوا (درودی حوای لە سەر بێت) هەموومان بەیەكەوە كۆدەكاتەوە‌و بە بۆنەی یادی لە دایك بوونی پێغەمبەری سەروەر لقی كەركوكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی‌و حكومی‌و جەماوەرێكی زۆری شارەكە هەستا بە سازدانی ئاهەنگێكی گەورە لە شاری كەركوك.

سەرەتای یادەكە مامۆستا ئازاد خوڕشید بەرپرسی لق بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكانی كردو ئامادەبوانی هاندا بۆ زیندوو كردنەوەی ئەم یادە پیرۆزەو سوود وەرگرتن لە مانگی مەولودی پێغەمبەری خوا (درودی حوای لە سەر بێت) بۆ بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی‌و برایەتی‌و پێكەوە ژیان لە ناو هەموو چین‌و توێژەكانی شاری كەركوكی خۆشەویست.

پاشان مامۆستا محمد فاتح وتاری یەكیتی زانایانی پێشكەش بە ئامادەبوان كردو وتەی لیژنەی ئامادەكاری ئاهەنگەكەش لە لایەن مامۆستا ئیبڕاهیم محمد بەرزنجی خوێندرایەوە، ئاهەنگەكەش بە چەندەها ستایش‌و سروود لە لایەن دەنگ خۆشانی شارەكە رازاوە تر كرا.