یادی لە دایك بوونی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) لە مزگەوتی سیراجەددینی نەقشەبەندی كەلارو قەزای دەربەندیخان بەرزو پیرۆز ڕادەگرێت

لە كەشێكی ئیمانی‌و پڕاوپڕ لە خۆشەویستی‌و برایەتیدا شەوی هەینی لەسەر شەممە بەرواری 24/1/2014 بەسەرپەرشتی لقی گەرمیان ناوچەی دەربەندیخانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە مزگەوتی حاجی صاڵح لە قەزای دەربەندیخان ئاهەنگێكی شایستەو شكۆداری بۆیادی لەدایكبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی موحممەد درودی خوای لەسەر بێت بەبەشداری  شاندێكی باڵای لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان‌و ژمارەیەكی زۆر لە زانایانی ئاینی‌و كەسایەتی‌و شێخانی تەریقەت‌و موسوڵمانانی شارەكە ڕێكخست.

سەرەتای مەڕاسیمەكە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد، پاشان مامۆستا مەلا محمد ئاوباری بەرپرسی ناوچەی دەربەندیخانی یەكێتی زانایان لە ووتەیەكیدا بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كردو دواتریش مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایان لە ووتەیەكدا بەناوی زانایانەوە پیرۆزبایی لە ئامادەبوانی ئاهەنگەكە كرد، هەروەها مامۆستا مەلا تەها جەمیل ووتارێكی لەسەر كەسایەتی و ژیانی پێغەمبەری ئازیز پێشكەش كرد، گروپی سروود بێژانی ئامادەبووی ئاهەنگەكەش بە خوێندنەوەی سرودی دینی ئاهەنگەكەیان زیاتر ڕازاندەوەو  بەدابەشكردنی شیرینی كۆتایی بەمەراسیمەكە هێنرا.

هەروەها سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 25/1/2014 بە بەشداری شاندێكی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایانی ئاینی‌و شێخانی تەریقەت‌و  كەسایەتی‌و پیاوماقوڵان‌و موسوڵمانانی سنورەكە  لە مزگەوتی سیراجەدینی نەقشەبەندی مەراسیمێكی مەولود خوێندنەوە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەكەدا كۆمەڵێك ووتارو هۆنراوەو سرودی ئاینی پێشكەشكران كە گوزارشت بوون لە وەسف‌و كەسایەتی‌و ژیاننامەی پێغەمبەرمان موحممەد (درودی خوای لەسەربێت)

ووتاری یەكێتی زانایان لەلایەن مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی‌و بەرپرسی لقی گەرمیانەوە پێشكەش كرا.

ئەمەو ئێوارەی هەمان ڕۆژ شاندێكی لقی گەرمیان لە شارۆچكەی ڕزگاری بەشداری ئاهەنگێكی تری مەولودیان كرد.