له‌ یادی مه‌ولوددا... لقی هه‌ولێر رێز له‌ چه‌ند مامۆستایه‌كی به‌ ئه‌زموون ده‌گرێت

ڕاگه‌یاندنی لقی هه‌ولێر: معروف مه‌لاعولا روستایی

 به‌مه‌به‌ستی ڕاگه‌یاندنی پرۆژه‌یێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی خوێندنی بازنه‌یی فه‌قێ یه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ر له‌ به‌یانی 26 / 1 / 2014  لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، ڤیستڤاڵی دووه‌می ڕێزلێنانی ساڵانه‌ی یادی مولودی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای لێبێت) ساز كرد، به‌به‌شداری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانایانی ئاینی‌و فه‌قێ یانی شاری هه‌ولێر‌و ده‌وروبه‌ری‌و، به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری ئه‌وقاف‌و كارو باری ئاینی‌و، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان‌و، پارێزگاری هه‌ولێر‌و، ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران .

ده‌سپێكی ڤیستڤاڵ به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد .

پاشان وته‌ی ڤیستڤاڵ له‌ لایه‌ن شێخ نیاز راغب دێگه‌یی پێشكه‌ش كرا‌و ئاماژه‌یی به‌ زه‌رووره‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سیسته‌می بازنه‌یی خوێندنی فه‌قێ یه‌تی كرد‌و، ڕاشی گه‌یاند له‌ نزیك ترین ده‌رفه‌ت پڕۆژه‌ی زیندوكردنه‌وه‌ی رۆڵی حوجره‌ ئه‌هلیه‌كان ئاماده‌ ده‌كرێت‌و ئاراسته‌ی په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ئامانجی پێگه‌یاندنی زانایانی ئاینی له‌سه‌ر رێچكه‌ی فیقهی مه‌زهه‌بی.

هه‌روه‌ها مامۆستا مه‌لا عبدالله مه‌لا سعید گرتكی سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان له‌ وته‌یه‌كیدا وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پشگیری‌و هاوكاری خۆی ڕاگه‌یاند بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ تأكیدیشی له‌ سه‌ر ڕۆڵی كاریگه‌ری خوێندنی فه‌قێ یه‌تی له‌ حوجره‌ی ئه‌هلی بۆ پێگه‌یاندنی زانایانی ئاینی كرده‌وه‌ .

شایه‌نی باسه‌ له‌ كۆتایی ڤیستڤاڵه‌كه‌دا ڕێزلێنانی یادی مه‌ولود به‌خشرایه‌ (22) بیست‌و دوو زانای گه‌وره‌ی ئاینی شاری هه‌ولێر‌و ده‌وروبه‌ری كه‌ به‌درێژایی ده‌یان ساڵی ته‌مه‌نیان كۆشش‌و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ی زانسته‌ شه‌رعیه‌كان له‌ حوجره‌ ئه‌هلیه‌كانی كوردستان . 

له‌ كۆتایی ڤیستڤاڵ وه‌زیری ئه‌وقاف وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و، ده‌ستخۆشی له‌ لقی هه‌ولێری یه‌كێتی زانایان كرد.