لقی سۆران سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران دەكەن

بە مەبەستی هەماهەنگی‌و لێك نزیكبوونەوە، شاندێكی لقی سۆران بە سەرۆكایەتی مامۆستا مەلا خالید مەلەكی‌و بەشداری هەریەك لە مامۆستا مەلا مستەفا باپشتی‌و مەلا خدر خەلیفانی‌و مەلا وەلی دری‌و مەلا رەسول گەزنەیی‌و، مەلا خالد ئاڵانی‌و، مەلا رەسول سیتكانی‌و، كارگێرو ئەندامانی لق بە یاوەری بەرێز مەلا وەیسی مەلا سەعید بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران  سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆرانیان كردو، لەلایەن سەرۆکی زانکۆ دكتۆر مسلح چۆمانی بە گەرمی پێشوازیان لێكرا.

لە سەردانەكەدا گرنگی‌و بایەخی زانكۆی سۆران وەك مەڵبەندێكی زانستی‌و مەعریفی ناوچەكە بە دەستكەوتێكی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوڵاتیانی سنورەكە لەقەڵەم درا، كە هەر لەڕۆژی دامەزراندنیەوە تاوەكو ئێستا خزمەتێكی گەورەی بە دەڤەرەكە كردوەو جێگەی شانازی هاووڵاتیانی سنورەكەبوە، هەروەك رۆڵی مامۆستایانی ئاینیش لەڕابوردوو لەكاتی نەبوونی زانكۆكان سەبارەت بە پێگەیاندن‌و گەشەپێدانی بواری زانستی‌و ئەدەبی‌و رۆشنبیری لەكوردستان بەبایەخەوە باسی لێوەكراو ڕایانگەیاند كەمامۆستایانی سەرمەشقی كاروانی هێنانە كایەی زانست‌و مەعریفە بوونە لەكوردستان‌ویەكەمین قوتابخانەو زانكۆ حوجرەو مزگەوتەكانی كوردستان بوونە.

هەردوولاشیان هیواخواز بوون كە كاروانی زانست‌و زانستخوازی لەكوردستان پەرەی زیاتری پێ بدرێ‌و زانكۆكانی كوردستان ببنە پێشەنگی ڕیزبەندی زانكۆ سەركەوتوەكانی جیهان لەپێگەیاندن‌و بەرهەمهێنانی بواری زانستی بۆخزمەتكردنی مرۆڤایەتی.

پاشان شاندەكە بە مەبەستی ڕێزلێنان‌و سوپاسگوزاریەوە خەڵاتێكی تایبەت بە مانگی مەولود ڕێزی لە سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران ناو ئەویش لەلایەن خۆیە خۆشحالی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەو هەماهەنگی‌و سەردانە ڕاگەیاندو ئومێدی خواست ئەوجۆرە سەردانانە بەردەوامیان هەبێت.

راگەیاندنی لقی سۆران