سه‌رۆكی كاروباری ئایینی توركیا جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ له‌ سه‌رۆكی زانایان ده‌كات

دكتۆر عه‌لی به‌رداق ئۆغلۆ سه‌رۆكی كاروباری ئایینی توركیا له‌ نامه‌یه‌كیدا‌و، له‌ رێگای سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی ته‌واوی موسڵمانانی كوردستان ده‌كات‌و، تێیدا دوپاتی ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ده‌بێ‌ موسڵمانان له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ قورئانی پیرۆز نوێ‌ بكه‌نه‌وه‌‌و، له‌ ره‌مه‌زاندا گیانی برایه‌تی‌و ته‌بایی‌و خۆشه‌ویستی‌و قوڵتر بكه‌ینه‌وه‌.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی نامه‌كه‌یه‌ به‌ وه‌رگێڕدراوی بۆ سه‌ر زمانی كوردی:

كۆماری توركیا
سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران
سه‌رۆكایه‌تی كاروباری ئایینی


به‌ڕێز مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵا
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان له‌ ئێراق.
هه‌ولێر- كۆماری ئێراق
سڵاوی خواتان له‌سه‌ر بێت
له‌م ساڵی (2010) چوارده‌ سه‌ده‌ به‌سه‌ر سه‌ره‌تای دابه‌زینی قورئانی پیرۆز تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئا له‌و كاته‌دا‌و به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌م بۆ ده‌كرێ‌ كه‌ سوپاس‌و شوكرانه‌ی خوای په‌روه‌ردیگار بكه‌م له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز مانگی لێخۆشبوون‌و به‌زه‌یی‌و كاری باش بۆ تێگه‌ییشتن له‌ په‌یامه‌ پیرۆزه‌كه‌ی، كه‌ قورئان بۆ مرۆڤایه‌تی هه‌ڵیگرتووه‌.

بێگومان قورئانی پیرۆز له‌ ساته‌ سه‌ره‌تاكانی دابه‌زینیدا تێكڕای مرۆڤایه‌تی هان ده‌دات بۆ خوێندنه‌وه‌‌و تێڕامان‌و وه‌كارخستنی ئه‌قڵی دروست‌و سه‌لیم، تا بووه‌ هۆكاری هیدایه‌ت دانی موسڵمانان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كێتی بیروباوه‌ڕ‌و خواپه‌رستی‌و ره‌وشته‌ به‌رزه‌كان كه‌ له‌ ناخی قورئان دایه‌، (ئێمه‌ش وه‌ك) سه‌رۆكایه‌تی كاروباری ئایینی توركی، كه‌ رامان گه‌یاندووه‌ به‌وه‌ی ئه‌م ساڵه‌ به‌ قه‌د ساڵی قورئانی پیرۆزه‌ ته‌واو دڵنیاشین، كه‌ ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ رۆڵی خۆی ده‌بینێت له‌ پاككردنه‌وه‌ی دڵه‌كانمان له‌ لایه‌نه‌ مه‌عنه‌ویه‌كه‌یه‌وه‌‌و، پاقژمان ده‌كاته‌وه‌ به‌ هۆی كه‌لامی پیرۆزی خوایی‌و=، هاوكاریشمان ده‌بێت بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ره‌وشتی قورئان‌و گه‌ییشتن به‌ دڵنه‌وایی‌و ئاسووده‌بوون.

ئێمه‌ی ئیماندارن كه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ رازاندنه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌ به‌رزه‌ به‌ هه‌ست‌و سۆزمان‌و به‌ خواپه‌رستی‌و خاوێنكردنه‌وه‌ی رۆح‌و دڵه‌كانمان‌و، قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و مانگه‌ پیرۆزه‌ له‌ پێناو قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی خۆشه‌ویستی‌و برایه‌تی هاوبه‌ش‌و، به‌هێزكردنی خۆشه‌ویستی‌و به‌زه‌یی له‌ نێوماندا، پێكه‌وه‌ش له‌ رۆژی پێنج شه‌مه‌ 9ی سپتێمبه‌ری 2010 ده‌گه‌ینه‌ رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، له‌ خوای گه‌وره‌ تكاكارین هیدایه‌تی قورئانی به‌رده‌وام كات له‌سه‌رمان به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 1400 ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌و، بیكاته‌ هۆكاری بناغه‌ی ئاشتی‌و یه‌كبوون‌و خۆشه‌ویستی‌و رێز‌و لێبووردن له‌ نێو سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی ئه‌م زه‌مینه‌، به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌‌و به‌بۆنه‌ی ئه‌م یاده‌ پیرۆزه‌وه‌ ئاشتی‌و رێز‌و گه‌رمترین پیرۆزبایی ناو دڵمان پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌‌و ته‌واوی برا موسڵمانه‌كانمان له‌ وڵاته‌كه‌تان ده‌كه‌م، خوای گه‌وره‌ به‌ خێر‌و به‌ره‌كه‌ت‌و ئاشته‌وایی بیگێڕێته‌وه‌ به‌سه‌رماندا.

والسلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته.

دكتۆر عه‌لی به‌رداق ئۆغلۆ
سه‌رۆكی كاروباری ئایینی توركیا
ئه‌نقه‌ره‌ 26/8/2010