بە مەبەستی هەماهەنگی‌و هاوكاری قایمقامی سلێمانی سەردانی لقی سلێمانی یەكێتی زانایان دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 19/2/2014 بەڕێز ئاوات محمد قایمقامی سلێمانی‌و شاندێكی یاوەری سەردانی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانیان كردو، لەلایەن مامۆستا نجم الدین قادر بەرپرسی لق‌و كارگێڕان‌و ئەندامانی لیژنەی فەتوای لقەوە بەگەرمی پێشوازی كران.

سەرەتا لەوتەیەكدا بەرپرسی لق بەناوی سەرجەم ئەندامانی لقەوە بەخێرهاتنی شاندەكەی كردو هیوای خواست ئەو جۆرە سەردان‌و بەسەركردنەوانە لەنێوان بەرپرسانی یەكە ئیداریەكان‌و زانایانی ئاینی بەردەوام بێت‌و لەنزیكەوە هەمەئاهەنگی تەواو بكەن بۆ زیاتر خزمەت كردن بەسەرجەم دانیشتوانی شارەكە.

دواتریش ئاوات محمد قایمقامی سلێمانی لە وتەیەكدا سوپاسی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانیان كرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەو، پاشان باسی لە دەورو ڕۆڵی كاریگەرانەی زانایانی ئاینی كرد لە بەرەو پێشچونی ئەزمونی هەرێمی كوردستاندا كە هەردەم پێشەنگی گەلەكەیان بون‌و خزمەتێكی بەرچاویان بە گەلەكەیان كردوە، هەروەها لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی كرد بەو كاریگەریەی زانایانی ئایینی هەیان بوەو هیچ كەسیش نەیتوانیوە نكوڵی لەو دەورە گرنگ‌و كاریگەرەیان بكات‌و، تیشكیشی خستە سەر كاری ئەو لیژنانەی قایمقامیەتی شاری سلێمانی كە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیان‌و ماڵ‌و تەندروستی هاوڵاتیان پێكیان هێناوە.

تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بریتی بوو لە باسی كارتی ئەلیكتڕۆنی هاوڵاتیان بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی دەنگدانی داهاتوی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی سلێمانی داوای هاوكاری‌و هەماهەنگی لە زانایانی ئاینی كرد كە زیاتر هانی هاوڵاتیان بدەن تاكو هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرۆسە چارەنوس سازانە دابكەن‌و بەپیری ئەو پرۆسەوە بچن.

بەچەندپێشنیازو سەرنجێكی مامۆستایانی ئاینی دانیشتنەكە بەسەركەوتویی كۆتایی هات‌و شاندی مێوان بەڕێزەوە بەڕێخران.