له‌ هه‌ولێر به‌ به‌شداری یه‌كێتی زانایان رێز له‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفال نراو تاقانه‌یه‌ك مامۆستای ئایینی بوو‌

رۆژی شه‌ممه‌ 22/2/2014 شاندێكی یه‌كێتی زانایان كه‌ پێكهاتبوون له‌ مه‌لا دیندار باڵه‌كی‌و مه‌لا هه‌ندرێن بالیسانی له هۆڵی ئه‌وتاری شاری هه‌ولێر به‌شداریان كرد له‌ ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژی به‌ناو ئه‌نفالی دژی كورد، كه‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ رێکخراوی ئه‌نفاله‌كانی كوردستان‌و لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان هه‌ستان به‌ دابه‌شكردنی خه‌ڵاتێكی ره‌مزی رێزلێنان بۆ تاقانه‌كانی ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و ئافره‌تانی به‌ ته‌نها به‌ جێماوی بارزانیه‌كان‌و فەیلیەكان" یه‌ك له‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفالیش مامۆستای ئاینی ‌مه‌لا هه‌ندرێن بالیسانی بوو.

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ تاقانه‌كانی ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و ئافره‌تانی خۆراگر له‌ چاوه‌روانی بارزانیه‌كان‌و فه‌یلیه‌كان‌و به‌رپرسانی حكومی‌و حیزبی‌و شاندێكی یه‌كێتی زانایان له‌ هۆڵی ئه‌وتاری شاری هه‌ولێر به‌بۆنه‌ی تێپەریوونی 26 ساڵ بەسەر ده‌ستپێكی تاوانی ئه‌نفال له‌ لایه‌ن رێکخراوی ئه‌نفاله‌كانی كوردستان‌و لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان رێز گیرا له‌و كه‌سانه‌ی له‌ پرۆسه‌كانی به ‌ناو ئه‌نفال به‌ ته‌نها له‌ ژیاندا ماونه‌ته‌وه‌.

بەشێك لە وانەی لە یادەكەدا وتەیان هەبوو بریتی بوون لە سەرۆکی رێکخراوی ئه‌نفاله‌كانی کوردستان زەمان عەبدە‌وسه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان‌و پارێزەری خۆبەخش ئەیاد کاکەیی‌ لە وتەكانیاندا ئاماژەیان كرد بە پێویستی هەبوونی یاسایەك بۆ تاقانەكانی ئەنفال‌و داوای جێبەجێكردنی بریارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق‌و قەرەبووكردنەوەی كەس‌وكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانیان كرد.

 جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئاراس عابد رایگەیاند گەر هەموو دونیا هی ئێمە بێت سوكنایی دڵی ئێمە نادات‌و ناگات بە تاقانەیەكی ئەنفال‌و، داواشیكرد پرۆژە یاسای ماف‌و ئیمتیازی كەس‌و كاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوەكان كە ماوەی دووساڵە لە پەڕلەمان دەرچووە جێبەجێ بكرێت.

شایه‌نی وتنه‌ به‌ گوێره‌ی راگه‌یاندنه‌كان نزیكه‌ی‌ (200) تاقانه‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان  بونیان هه‌یه‌" هه‌ندێكیان ژیانێكی زۆر ناخۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن‌و تا ئێستاش له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌كو پێویست خزمه‌ت نه‌كراون‌و داوا ده‌كرێت یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ تاقانه‌كان هه‌بێت‌و مووچه‌یه‌كی تایبه‌تیشان بۆ ببرێته‌وه.

تاقانه‌ی ئه‌نفال ئه‌و كه‌سه‌یه‌  كه‌ له‌ پرۆسه‌كانی به‌ ناو ئه‌نفالی دژی كورد به‌ ته‌نها – به‌ بێ باوك‌و دایك‌و خوشك‌و برا- له‌ ژیاندا مابێته‌وه‌.

 

مه‌لا هه‌ندرێن بالیسانی له‌ 16/4/1987 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر كیمیابارانی بالیسان، له‌ 31/7/1988 گشت خانه‌واده‌كه‌ی شه‌هید ده‌بن به‌ ته‌نها به‌بێ – باب، داك، خوشك، برا- له‌ ژیان ده‌مێنێته‌وه‌، ئیستاش پێشنوێژو وتارخوێنه‌ له‌ شاری هه‌ولێر.