زانایانی ئایینی دەڤەری سۆران ئیدانەی هەڵوێستی حكومەتی عیراقی دەكەن


بە مەبەستی ئیدانەكردنی بڕیاری بڕینی بودجەو موچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان‌و بەكارهێنانی وەك فشارێكی سیاسی لەلایەن خودی نوری مالكیەوە رۆژی پێنجشەممە 27/2/2014 لە هۆڵی زانایانی سۆران بە سەرپەرشتی (مەلا وەیسی مەلا سەعید) بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بە ئامادەبوونی مەلا خالید مەلەكی بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی زانایان كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ  ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی‌و  وتاربێژان ئەنجامدا.

سەرەتای كۆبونەوەكە بە چەند ئایەتێك لە قوڕئانی پیرۆز دەستی پێكردو، پاشان باس لەڕەوشی هەنوكەی كوردستان كراو هەڵوەستەش لە سەر دواین هەڵوێستی سیاسی حكومەتی عیڕاق كرایەوە، كە بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە‌و، ئەمەشیان بە كارێكی مەترسیدار دانا كە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپەكانی ئاینی ئیسلامە‌و لەگەڵ مافی هاوڵاتی بوون‌و شەراكەت لە عیراقداناگونجێت‌و، هەروەها لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا رایانگەیاند كە بەم جۆرە هەڵوێستانەی حكومەتی عیراقی وەك راگەیاندنی شەڕ وایە دژ بە خەڵكی كوردستان، چونكە مووچەدان بە هاوڵاتیان  یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانی هاوڵاتیان‌و خەڵكی كوردستانیان،

بۆیە لە كۆتاییدا ئامادەبوان داوایان كرد حكومەتی عیراق بە بڕیارەكەی دابچێتەوەو پەلە بكات لە ناردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بوجەدا، چونكە ئەم بارودۆخە كاریگەری  خراپی هەیە لەسەر ژیان‌و گوزەرانی خەڵك.

لەبەشێكی تری دانیشتنەكەدا زانایانی ئاینی داوایان لەدامەزراوەكانی ئاینی عیراق كرد كە ئەوانیش هەڵوێستیان هەبێ‌‌و بێدەنگ لە بەرامبەر ئەم ستەمەی لەگەلی كورد دەكرێ‌، چونكە هیچ كات كورد كێشەی نەبووە لەگەڵ  گەلانی عیراقدا بەڵكو تەنها گرفتی گەلی كورد لەگەڵ شێوازی حوكمڕانیە لە عیراقدا.

هەروەها زانایانی ئاینی رایانگەیاند كە لە مینبەری مزگەوتەكانەوە لە وتاری هەینی ئەم مەسەلەیە بۆ هاوڵاتیان روون دەكەنەوە‌و، ئیدانەی هەڵوێستی حكومەتی مالیكی دەكەن تا هەموو خەڵكی كوردستان لە بەرامبەر ئەم ستەمە یەك هەڵوێست بن.

بەدر سەعید- راگەیاندنی ئەوقافی سۆران