شاندێكی زانایانی ئایینی سه‌ردانی نه‌جه‌ف ده‌كات

به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ شاندێكی زانایانی ئایینی به‌ره‌و نه‌جه‌ف به‌ڕێده‌كه‌وێت، شانده‌كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان‌و چه‌ند زانایه‌كی ئایینی له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتووه‌.

ئامانجی یه‌كێتی زانایان له‌ رێكخستنی ئه‌م شانده‌ سه‌ردانیكردنی مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ مه‌زه‌به‌ له‌ نه‌جه‌ف، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی‌و نیشتیمانی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی له‌ كوردستان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی سه‌پاندووه‌، له‌و ئابڵۆقه‌ ئابووریه‌ی له‌ رێگه‌ی راگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌سه‌ر كوردستانی هێناوە‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ شیعه‌ رۆڵێكی سه‌ره‌كیان هه‌یه‌ له‌ عێراق به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ كورددا باشترین په‌یوه‌ندیان هه‌بووه‌.

سه‌رۆكی زانایان له‌ لێدوانێكی سایتی زانایان هیوای خواست بتوانن له‌م سه‌ردانه‌دا له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ بگه‌نه‌ حاڵه‌تێك تا هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن کۆتایی بەم دۆخە بێت و رەوشی عێراق بەرەو ئارامی و نەهێشتنی ململانێکان بڕوات و، زیان به‌ پەیوه‌ندی هه‌ردوولا نه‌گه‌یه‌نێت‌و، ژیانی خه‌ڵكیش نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی گووتی: ئه‌وه‌ ئه‌ركێكی ئایینی‌و نیشتیمانی‌و مرۆییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵێك به‌كار بێنین تا مێژووی تاڵ‌و سوێری عێراق دووباره‌ نه‌بێته‌وه و ژیانی خەڵکیش تێك نەچێت‌.