دوای چوونیان بۆ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا شاندی زانایان ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان

به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان‌و، كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدا شاندێكی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ی كرد له‌ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لا.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا سه‌ردانی هه‌ر یه‌ك له‌ (ئایه‌توڵا محه‌مه‌د سه‌عید ئه‌لحه‌كیم، ئایه‌توڵا محه‌مه‌د ئیسحاق ئه‌لفه‌یاز، ئایه‌توڵا به‌شیر نه‌جه‌فی، ئایه‌تولا عبد الهادی الكربلائی نوێنه‌ری سیستانی) كه‌ به‌هۆی خراپی ته‌ندروستیه‌وه‌ نه‌كرا سه‌ردانی بكه‌ن‌و، له‌ بریی ئه‌و له‌گه‌ڵ نوێنور‌و بریكاره‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌.

سه‌ردانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بووه‌، تا نیگه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی‌و مامۆستایانی ئایینی به‌تایبه‌تی بگه‌یه‌ننه‌ مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ له‌ عێراق ده‌رباره‌ی سیاسیه‌تی ژه‌وت‌و به‌رده‌وامی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌تایبه‌تی نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌تایبه‌تی له‌ بواری ده‌ستوور‌و ماده‌ی (140)‌و یاسای نه‌وت‌و غاز‌و پێشمه‌رگه‌‌و، دواجاریش بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌ردانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئیجابی بوونه‌‌و، مه‌رجه‌عه‌كانی له‌ نیگه‌رانی زانایانی ئایینی هه‌رێمی كوردستان حاڵیبوونه‌.

مه‌لا عه‌بدوڵا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی زانایان له‌ لێدوانێكی بۆ سایتی زانایان گووتی: مه‌رجه‌عیه‌ته‌كان نیگه‌ران بوون له‌م بارودۆخه‌ی ئێستا دروست بووه‌، به‌تایبه‌تی له‌ رابردوو هه‌موو عێراقیه‌كان قوربانی رژێمه‌كانی پێشوو بوونه‌، بۆیه‌ هه‌مووان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ گووتاری هه‌ینی هه‌میشه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێوربوونه‌وه‌‌و پێكه‌وه‌ژیان بڕوات‌و، به‌ هه‌موو توانایه‌ك رێگیری له‌وه‌ بكرێت درز بكه‌وێته‌ ناو ریزه‌كانی  گه‌لانی عێراق، هه‌روه‌ها داوایان ده‌كرد پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌مه‌دا گوێڕایه‌ڵی مه‌رجه‌ع‌و ناوه‌ندی‌و لایه‌نه‌ ئایینیه‌كان بن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆ‌و دانوستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی زانایان باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ ئایه‌توڵا عه‌بدولهادی كه‌ربه‌لائی نیگه‌رانی ته‌واوی ده‌ربڕیوه‌‌و، باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ مالیكی گوێ له‌ مه‌رجه‌عه‌كانیش ناگرێت.

هه‌روا سه‌رۆكی زانایان باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ نوێنه‌ری سیستانی وێڕای ده‌ربڕینی هاوسۆزی‌و هاوڕایی له‌گه‌ڵ شاندی زانایان بڕیاریشی داوه‌ له‌ وتاری هه‌ینی باس له‌م پرسه‌ بكات.

به‌ گوێره‌ی په‌یامنێری رووداو كه‌ له‌گه‌ڵ چانده‌كه‌ رۆیشتووه‌: (سەید محەممەد سەعید حەكیم بەهۆی بەستنی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ نو‌وری مالیكی، رەخنەی لە سەركردایەتی كورد گرتووە و رایگەیاندووە چۆن هاوپەیمانێتیتان لەگەڵ مالیكی بەستووە، بۆ چارەسەری كێشەكانیشتان سەردانی ئەو بكەن).

هه‌روه‌وها ئایەتوڵڵا ئیسحاق فەیاز وێڕای رەخنەگرتن لە ئەدای نوێنەرانی كورد لە بەغدا رایگەیاندووە كە ئەركی مەرجەعیەت رێنوێنی و ئامۆژگاری خەڵكە و پەیوەندی بە كاروباری سیاسی نییە".  ئیسحاق فەیاز ئاماژەی بە هەوڵەكانی پێشتری مەرجەعیەت و نامەكەی ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ مالیكی كردووە و رایگەیاندووە "مالیكی گرنگی بەو نامەیە نەداوە". ئەو مەرجەعە شیعەیە رەوشی هەرێمی كوردستانی بە رەوشێكی زۆر باشتر لە عێراق لەقەڵەمداوە و گوتوویەتی "رەوشی ئابووری و خزمەتگوزارییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئاو و كارەبای لە ناوەند و باشووری عێراق زۆر باشترە".

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شانده‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.