په‌یامی یه‌كێتی زانایان به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێی خوێندن

به‌ناوی خوای مه‌زن‌و میهره‌بان

(اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ)

مامۆستایانی به‌ڕێز:
قوتابیانی خۆشه‌ویست:
دایكان‌و باوكان:

به‌ناوی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ساڵی نوێی خوێندن له‌ خۆمان‌و هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین، به‌و ئومێده‌ین له‌ ساڵی تازه‌ی خوێندندا به‌ رۆحی فێربوون‌و په‌روه‌رده‌‌و پێگه‌ییشتن‌و پێگه‌یاندن هه‌موو هه‌وڵ‌و هیممه‌تمان بخه‌ینه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ هه‌موو لایه‌كمان نه‌وه‌یه‌كی دروست‌و وشیار پێبگه‌یه‌نین، كه‌ زانست‌و خوێنده‌واری باشترین رێگایه‌ بۆ ئه‌م كاره‌.

به‌ڕێزان: هه‌موو لایه‌ك گه‌وره‌یی‌و گرنگی فێربوون‌و فێركردن له‌ روانگه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ده‌زانن، كه‌ مامۆستا‌و قوتابی‌و سه‌رپه‌رشتیاری قوتابی هاوبه‌شن له‌و پاداشت‌و گه‌وره‌ییه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كه‌ جێپه‌نجه‌‌و به‌شی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانمان به‌ره‌و وشیاری‌و شاره‌زابوون بڕۆن‌و، به‌بێ‌ جیاوازی كچان‌و كوڕانمان له‌ خوێندن تا كۆتایی بێ به‌ش نه‌بن.

نابێ‌ له‌ بیریشمان بچێت خوێندن به‌ ته‌نها به‌س نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێ‌ شان به‌ شانی فێربوونی خوێنده‌واری پێویسته‌ منداڵه‌كانمان فێری ره‌وشتی به‌رز‌و به‌ها جوانه‌كان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م فێرخواز‌و هه‌م په‌روه‌رده‌كراو بن.

هه‌روه‌ك ده‌خوازین وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاوڕی جددی تر له‌ ناوچه‌‌و گه‌ره‌كه‌ هه‌ژاره‌كان بده‌نه‌وه‌‌و، قوتابخانه‌ حكومیه‌كانیش گرنگی پتری پێ‌ بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی چی دیكه‌ ئه‌و گله‌ییه‌ نه‌كرێت، كه‌ بۆچی گرنگی زیاتر به‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلیه‌كان ده‌درێت، كه‌ دڵنیاین وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش له‌و ئاسته‌دا ده‌بێت.

دووباره‌ هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازین.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
‏17‏/9‏/2010