به‌شی یه‌كه‌م:
گومان له‌وه‌دا نییه كه ئێمه‌ی كوردی ئه‌م به‌شه باشووره‌ی كوردستان، له زۆرلایه‌ن و له زۆر رِووهوه له‌گه‌ڵ هه‌رسێ دراوسێكه‌مان (توركیا و سوریا و ئێران) زۆر شتمان به‌سه‌ریه‌كه‌وه هه‌یه، پشتیوان به‌خوا له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌مدا تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر بیرهێنانه‌وه بۆ دۆستانمان له كۆماری ئیسلامی ئێران، كه شتگه‌لێكی زۆر هه‌ستیار پێكمانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، بهرِهنگێك ئه‌گه‌ر ئاورِبدهینهوه له مێژووی هاوبه‌شمان بۆ خۆیشمان باوهرِ به‌وه‌ناكه‌ین كه رۆژێك له رۆژان هیچمان هیچ نه‌نگییه‌كی بوێت بۆ ئه‌وی دیكه‌مان.
ئاخر ئه‌وه ئێمه و قۆناغه‌كانی شۆرِشی رزگاری خوازیمان و ئه‌وه‌یش هه‌ڵوێسته‌كانیان لهمهرِ پاراستنی دراوسێیه‌تی و بگره داڵده‌دان و سنوور بهرِوودا كردنه‌وه، هه‌ر له سالاَنی كیمیاباران و ئه‌نفال و شهرِی سه‌دام و په‌لاماری بۆسه‌ر ئه‌و ولاَته دراوسێیه‌وه پێدا وه‌ره، تا كاتی كۆرِهوه ملیۆنییه‌كه‌ی ساڵی نه‌وه‌د و یه‌ك و ئێستای كردنه‌وه‌ی كونسوڵگه‌ری له هه‌ولێر و والاَكردنی سنووری نوێ و هامووشۆی زۆرلایه‌نه‌ی هه‌موو ئاستێك.
ئه‌وه‌یش ئێمه، كه ههرلهرِووی مه‌زهه‌بییه‌وه بیگره، له كاتێكدا كه عه‌ره‌به‌كانی كه‌نداو چۆن به هه‌ستیاری له‌و بابه‌ته ئهرِوانن، بهلاَم ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌موولایه‌كمان ده‌زانین نه لهرِابردوودا و نه ئێستایش خه‌ڵكی شاری سلێمانی و هه‌ولێر شوێنكه‌وته‌یه‌كی مه‌زهه‌بی ئیمام جه‌عفه‌ری راستگۆیان تێدانه‌بووه و نییه(س)، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سنگ فراوانییه‌وه، رێگه به‌وه‌ده‌دات له سلێمانی حوسه‌ینییه بكرێته‌وه و له هه‌ولێر ههربۆنهیهك دێته پێش زۆر به ئازادی ده‌یبه‌ن بهرِێوه و كاربه‌ده‌ستان و خه‌ڵك هاوبه‌شی ده‌كه‌ن و هیچ نیگه‌رانییه‌كیان له به‌رامبه‌ردا دهرنابرِن.
ئه‌رێ چ لۆژیكێكه به‌و شێوه وهلاَمی چاكه‌ی حكوومه‌تی كوردستان و خه‌ڵكی ئه‌م دووشاره بهرِێزه بدرێته‌وه كه گوند نشینهكانیان تۆپ باران بكرێن؟ تا سه‌دان هزر له مێشكماندا بورووژێ و هه‌زاران پرسیاری بێ وهلاَم به‌رجه‌سته ببن؟
نامه‌وێ هه‌مووشتێك له‌م پێشهكییهدا بڵێم، ته‌نها له‌وه‌ته‌ری هه‌ستیاری: هاو پهروهرندهیی و هاو ئایینی و هاو خواپه‌رستی و هاو قورئانی و هاو پێغه‌مبه‌ری و هاو رِووگهیێتی، ده‌ده‌م و دێنمه‌وه بیر، كه هه‌ر ئه‌مانه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی رێگربن له‌به‌ر ده‌م هه‌ریه‌كێكمان كه به بیریشیدا بێت رۆژێك له رۆژان، یان ساته وه‌ختێك ناپاكی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكهدابكات، چ جای تۆپباران كردنی گوندنشینی بێ دهسهلاَت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناكۆكییه‌ك له نێوانماندا هه‌بێت، یان راگهیێندرابێت، یاخود هیچ لێكحاڵی نه‌بوونێك له‌سه‌ر هیچ هه‌ڵوێستێك بووبێت!، ههربۆیهكا لێره‌وه منیش وه‌ك خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی موسڵمان، وه‌ك مه‌لایه‌كی ئازاد كه تا خوا حه‌زكات قینم له جیاوازی مه‌زهه‌بی و رِهگهزی ده‌بێته‌وه، شان به‌شانی حكوومه‌ته‌كه‌م و په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی و یه‌كێتی زانایانی ئیسلامی بهرِێز، له كوردستان، داوای برایانه‌مه له گه‌وره‌به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كه سنوورێك بۆ ئه‌و كارانه دابنێن و ئه‌م نووسینه ده‌كه‌مه دیاری بۆیان كه برِوام وایه بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه بۆ هه‌موولایه‌كمان سوود گه‌یێنه و ده‌ره‌نجامی باشی ده‌بێت پشتیوان به‌خوا.
چه‌ند ده‌قێكی پرِله به‌خشش
1: خوای گه‌وره له ئایه‌تی 36ی سورِهتی نیسائدا، ده‌فه‌رموێت:
((واعبدوا الله ولا تشركوا به شيئا وبالوالدين إحسانا وبذي القربى واليتامى والمساكين والجار ذي القربى والجار الجنب والصاحب بالجنب وابن السبيل وما ملكت أيمانكم إن الله لا يحب من كان مختالا فخورا).
واته: (به‌ته‌نها خوا بپه‌رستن و هیچ هاوه‌ڵێكی بۆپه‌یدا مه‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ دایك و باوكتاندا باش بن و له‌گه‌ڵ خزمه نزدیكهكانتاندا باش بن و له‌گه‌ڵ هه‌تیواندا باش بن و له‌گه‌ڵ هه‌ژار و نه‌داره‌كاندا باش بن و له‌گه‌ڵ دراوسێیهكدا كه خزم بێت و له‌گه‌ڵ دراوسێی نزدیك باش بن و له‌گه‌ڵ هاورِێ و هاوسه‌رتان باش بن و له‌گه‌ڵ رێبوار و بێ ده‌ره‌تان و نه‌دار و لێ قه‌ومان باش بن و له‌گه‌ڵ به‌رده‌ست و خزمه‌ت چییهكانتان باش بن، بزانن كه خوای گه‌وره كه‌سێكی خۆش ناوێت كه فیز زل و خۆ به‌گه‌وره زان بێت).
ئه‌م ئایه‌ته پرِ له به‌خششه‌ی قورئان، وه‌ك زانایان ده‌فه‌رموون، مافه گه‌وره‌كانی مرۆڤه‌كانی له خۆ گرتووه، ئه‌ومافانه‌ی كه پێیان ده‌گوترێت: (ده)مافه گرنگ و هه‌ستیار و گه‌وره‌كه) و له میانه‌یاندا مافی دراوسێیه، كه ئه‌وه‌تا ده‌بینین، خوای گه‌وره فه‌رمان ده‌دات به پاراستنی ئه‌و مافه، كه خوا فه‌رمانی داوه به پاراستنی و ده‌بینین دوابه‌دوای مافی دایك و باوك و خزمان، یه‌كسه‌ر مافی دراوسێ باس ده‌كات).
2: ئیمامی بوخاری(ر) له فه‌رمووده‌یه‌كدا بۆمان دهگێرِێتهوه له پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ)، كه فه‌رموویه‌تی:
(ما زال جبريل يوصيني بالجار حتى ظننت أنه سيورثه)متفق عليه)
واته: (به‌رده‌وام جیبریلی فریشته‌ی نیگا هێنان له باره‌ی دراوسێوه ئامۆژگاری ده‌كردم، تا خه‌ریك بوو گومانی ئه‌وه ببه‌م كه ره‌نگبێت نیگای وام بۆ بێنێت، دراوسێ میرات له دراوسێ ببات!).
جۆره‌كانی دراوسێ
دراوسێ له‌سه‌ر سێ جۆرن:
یه‌كه‌م: یان سێ مافی هه‌یه: ئه‌ویش بریتییه له دراوسێیه‌ك كه موسڵمان بێ و خزم بێ و دراوسێ.
دووه‌م: دوومافی هه‌یه: ئه‌ویش بریتییه له‌و كه‌سه‌ی كه موسڵمانه و دراوسێیه. - كه ئێمه و ئێران له‌م جۆره‌ین- .
سێیه‌م: یه‌ك مافی هه‌یه: ئه‌میش بریتییه لهدراوسێیهك، كه بێ برِوایه.
3: ئیمامی بوخاری(ر)له‌سه‌حیحه‌كه‌یدا، ده‌روازه‌یه‌كی ناوناوه: ( باب: حق الجوار في قرب الأبواب) و پاشان فه‌رمووده‌یه‌كی تێدا هێناوه كه له پێغه‌مبه‌ریان پرسیوه له كاتێكدا مرۆڤ بیه‌وێت دیاری ببات بۆ دراوسێیه‌كی و خۆی دوو دراوسێی هه‌بێت لهوهلاَمدا فه‌رموویه‌تی:
(إلى أقربهما لك بابا).
واته: (له دوودراوسێكهت، كامیان نزدیكتره له ده‌روازه‌ی ماڵه‌كه‌ته‌وه، له پێش هه‌موو دراوسێیه‌كی دیكه‌وه‌یه، بۆ چاكه له‌گه‌ڵ كردن).
ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی له لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌دا ده‌فه‌رموێت: (حیكمه‌تێك له‌وكاره ئه‌وه‌یه دراوسێی نزدیك شتهكانتی به‌رچاوتره و زووتریش له كاتی پێویستیدا به تهنگتهوه دێت).
زانایان چه‌ندین رای لێك جودایان گوتووه له باره‌ی ژماره‌ی دراوسێوه، كه تاچه‌ند هه‌ربه دراوسێ دا ده‌نرێت؟ هه‌ندێكیان گه‌یاندوویه‌تیه(چل)ده‌رگا.
كاسهدراوسێیهتی
4: لێره‌وه و له‌چه‌ندین ده‌قی دیكه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، كه خۆشه‌ویستی پێ به‌خشین و چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ دراوسێ و رِێز لێگرتنی و دیاری بۆبردنی ئه‌ركێكی پیرۆزه و ئایین ده‌یخوازێ، وه‌ك ئیمامی موسلیم له جوندوبی كورِی جوناده ئه‌بو زهری غیفاریه‌وه بۆمانی دهگێرِێتهوه(ر)، كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ)پێی فه‌رمووه:
(يا أبا ذر، إذا طبخت فأكثر المرق، وتعاهد جيرانك).
واته: (ئه‌ی ئه‌بوزه‌ر ئه‌گه‌ر شیوێكت لێنا با زۆربێت و شله‌كه‌ی ئاوی زۆر تێ بكه و بیبه بۆ دراوسێكانت).
5: ئیمامی بوخاری له كتێبی (ئهلئهدهبولموفرهد)ـه‌كه‌یدا بۆی گێرِاوینهتهوه كه پێغه‌مبه‌ر(د.خ)فه‌رموویه‌تی:
(ليس المؤمن بالذي يشبع وجاره جائع إلى جنبه).
واته: (ئه‌وكه‌سه برِوادر نییه، كه بۆخۆی تێربێت و دراوسێكه‌ی له ته‌نیشتیه‌وه برسی بێت).
ئه‌مانه پرِیهتی له هاندان بۆ گه‌وره ره‌وشته جوانه‌كانی مرۆڤ، كه ده‌ره‌نجامی ئه‌و كاسه دراوسێیه‌تی و دیاری و دیانه‌ت بۆیه‌كتر بردنه، خۆشه‌ویستی و ئاوماڵێتی و تێكه‌ڵی و قازانج گه‌یاندن دێنێته‌پێش، چونكه جاری واده‌بێت بۆنی خواردنی دراوسێ بۆ دراوسێ دهرِوات و حه‌زی بۆی ده‌چێت، نه‌خاسمه مندالاَن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر دراوسێكه هه‌ژاربێ و نه‌توانێ خواردنه بۆن لێ به‌رز بووه‌كه ئاماده‌بكات، كه له‌م هاندانهیشدا هاندانی تێدایه بۆ خه‌رج كردن له پێناوی خوا و راهێنان له‌سه‌ر به‌خشش و دوور كه‌وتنه‌وه له روژدی.
پێویسته دراوسێ دیاری بۆ دراوسێ ببات، با دیارییه‌كه شتێكی زۆر كه‌میش بێت، چونكه مه‌رج نییه هه‌موو ده‌م، شتی زۆر ئاماده‌بێ و بگونجێ.
6: ئیمامی بوخاری و موسلیم بۆمان دهگیرِنهوه له پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ)كه فه‌رموویه‌تی:
(يانساء المسلمات، لا تحقرن جارة لجارتها ولو فرسن شاة).
واته: (ئه‌ی ژن گه‌له موسڵمانه‌كان، نه‌كه‌ن هیچ دراوسێ یه‌ك به‌چاوی سووكی سه‌یری دراوسێكه‌ی بكات كه‌مترین شت ئه‌گه‌ر لولاقی مهرِێكیش بێت به‌كه‌می مه‌زانن).
لایه‌ك له مافه‌كانی دراوسێ
له میانه‌ی مافه‌كانی دراوسێ به‌سه‌ر دراوسێوه:
1: هێنده‌ی له توانایدا بێت به‌سامان و به‌هه‌ر شتێك چاكه‌ی له‌گه‌ڵ بكات.
2: راوێژی پێ بكات.
3:یارمه‌تی بدات له‌جێ به‌جێ كردنی كاره كانیدا.
4: رێنمایی بكات.
5: هه‌رده‌م سلاَوی پێش سلاَوی ئهوبخات.
6: له ئه‌حواڵی بپرسێ.
7: سه‌ردانی نه‌خۆشی بكا ت.
8: دڵنه‌وایی بكات له كاتی ناخۆشیدا.
9: سه‌ره خۆشی لێ بكات له كاتی مردنی كه‌سێكیدا.
10: له خۆشییهكانیدا پیرۆزبایی لێ بكات.
11: له هه‌ڵه و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی ببورێت.
12: له كاتێكدا له ماڵ نابێت چاودێری ماڵه‌كه‌ی بۆبكات و چاوی له منداڵه‌كانی بێت و بهتهنگیانهوهبێت.
7: پێغه‌مبه‌ر(د.خ)هه‌موو ئه‌م چاكانه‌ی كۆكردۆته‌وه له فه‌رمووده‌یه‌كی خۆیدا وه‌ك خهرائیتی بۆمانی دهگێرِێتهوه كه ئه‌وكاته‌ی یاره‌كانی لێیان پرسی داخۆ مافه‌كانی دراوسێ به‌سه‌ر دراوسێوه چین؟ لهوهلاَمیاندا فه‌رمووی:
(إن استقرضك أقرضته، وإن استعانك أعنته، وإن احتاج أعطيته، وإن مرض عدته، وإن مات تبعت جنازته، وإن أصابه خير سرّك وهنأته، وإن أصابته مصيبة ساءتك وعزيته، ولا تؤذه بقتار قدرك، إلا أن تغرف له فيها، ولا تستطيل عليه بالبناء لتشرف عليه وتسد عليه الريح إلا بإذنه، وإن اشتريت فاكهة فاهد له منها).
واته: (1: كه داوای قه‌رزی لێكردی بێدهیتێ.
2: كه داوای كۆمه‌كی لێكردی یارمه‌تی بده‌یت.
3: كه پێویستی هه‌بوو وێی بده‌یت.
4: كه نه‌خۆش كه‌وت سه‌ردانی بكه‌یت.
5: كه مرد شوێن ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌ویت.
6: كه باشه‌یه‌كی تووش هات پیرۆزبایی لێ بكه‌یت و پێت خۆش بێ.
7: كه تووشی نارِهحهتییهك هات، پێت ناخۆش بێ.
8: به بۆنی شیوهكهت حه‌زی مه‌جووڵێنه مه‌گه‌ر به‌شی بۆببه‌یت.
9: با باڵه‌خانه و ماڵه‌كه‌ت به‌سه‌ر ماڵی ئه‌ودا بڵند نه‌كه‌یته‌وه و به‌سه‌ریا بنوارِی و رێگه و به‌ری بای لێ بگریت، مه‌گه‌ر داوای رێگه‌پێدانی لێ بكه‌یت.
10: ئه‌گه‌ر میوه‌یه‌كت كرِی به‌شی بنێره).
ئه‌م كۆمه‌ڵه وته به‌نرخه و ئه‌م ئاكاره جوانانه‌ی پێغه‌مبه‌ر(د.خ)نیشانمان ده‌دات و رێنماییمان ده‌كات بۆی، ده‌شێ به‌خاڵ به‌ندی و وردی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و هه‌ركه‌س له ئاستی خۆیه‌وه، پرسیار له خۆی بكات داخۆ ئه‌و، تا چه‌ند وابه‌سته‌یه به‌م ره‌فتاره شیرین و جوانانه‌ی ئیسلامه‌وه؟
دراوسێ ئه‌زیه‌ت نه‌دان
له‌میانه‌ی مافه‌كانی دراوسێ ئه‌وه‌یه ئه‌زیه‌ت و نارِهحهتی خۆتی لێ دوور بخه‌یته‌وه، وه‌ك ئیمامی بوخاری بۆمان دهگێرِێتهوه له‌پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ) كه فه‌رموویه‌تی:
(من كان يؤمن بالله واليومِ الآخر فلا يؤذِ جاره).
واته: (هه‌ركه‌سێك ئیمان و باوهرِی هه‌بێت به‌خوا و به رۆژی دوایی با ئه‌شكه‌نجه و ئازاری دراوسێكه‌ی نه‌دات).
پیویسته له‌سه‌ر دراوسێ به هیچ شێوه‌یه‌ك:
1: ئازاری دراوسێكه‌ی نه‌دات، نه به زمان و نه به ده‌ست تووشی ئازاری نه‌كات.
2: تانه و ته‌شه‌ر و نه‌مره و تالیقی لێ نه‌دات.
3: رێگه‌ی لێ ته‌نگ و ته‌سك نه‌كاته‌وه.
4: خه‌وش و خاڵ و گڵێش نه‌هاوێته به‌رده‌رگاكه‌ی.
5: ئێستا نه‌چێت بهوێستانی تورومبیلهكهی ده‌رگای بگرێ.
6: به بۆری و هۆرِن لێدان ئازاری نه‌دات و خه‌وی لێ هه‌راسان نه‌كات.
7: كاتی خۆشی و پشووی لێ تێك نه‌دات، ئه‌وه‌تا ده‌بینین:
8: ئیمامی بوخاری، له بابی شوره‌یحی خوزاعییهوه بۆمان دهگێرِێتهوه(ر) له پێغه‌مبه‌ره‌وه(د.خ)، كه فه‌رموویه‌تی:
(والله لا يؤمن، والله لا يؤمن، والله لا يؤمن)، قيل: من يا رسول الله؟ قال: (الذي لا يأمن جاره بوائقه)رواه البخاري).
واته: (سه‌وگه‌ند به‌خوا برِواناهێنێ، سه‌وگه‌ند به‌خوا برِواناهێنێ، سه‌وگه‌ند به‌خوا برِواناهێنێ!).
عه‌رزیان كرد كێ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ)؟.
فه‌رمووی: (ئه‌وكه‌سه‌ی كه دراوسێكه‌ی له خراپه و كینه و توورِهیی دیار و نێو ناخی ئه‌م پارێزراو نه‌بێت).
بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی به‌ژان
گه‌لی برایینه، ئه‌ی په‌روه‌رده‌كانی قوتابخانه ئیسلامییه‌كانی شاره پیرۆزه‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و حه‌وزه‌كانی قوم و تاران و شوێنه‌كانی دیكه.
ئه‌ی هه‌وادارانی ئامرِاز و سینبولی شۆرِشگێرِی و گه‌وره و خۆشه‌ویستی خوا، ئیمام حوسه‌ینی شه‌هید و گه‌وره‌ی لاوانی به‌هه‌شت(س).
ئه‌ی فرمێسك رێژه‌كان بۆ رێحانهكهی پێغه‌مبه‌ری خوا(د.خ)، فاتیمه‌خانی گوڵ و پاك و بێگه‌رد و جگه‌ر سووتێنرا و بێ مێرد كرا‌و و ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ركراو(س).
ئه‌ی مامۆستا بهرِێزهكانی گۆشی قوتابخانه‌ی ره‌حمه‌تی جه‌نابی ئایهتولاَ خومه‌ینی.
ده‌زانن ئێمه له كوردستان قێزو بێزمان دێته‌وه له جودا خوازی مه‌زهه‌بی و كاتی خۆی له ئێوه شادمان تربووین به‌نه‌مانی رژێمی بۆگه‌نی شاهنشاهی، كه ئه‌وه‌بوو باوكی گه‌وره‌مان مه‌لاموسته‌فا بارزانی، لهیهكهمهكانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه بوو كه پیرۆزبایی له‌سه‌ركه‌وتنی شۆرِشی گه‌لانی ئێران كرد؟
دراوسێ خۆشه‌ویسته‌كانمان: ده‌زانن ئێمه وه‌ك گوڵ له ئێوهدهنوارِین و چاوهرِێی بۆنی خۆش زیاتر له ئێوهناكهین و پرِ به‌زار و پێنووسه‌كانمان پێتان ده‌ڵێین:
خۆ ئهگهردرِكێ هه‌ڵچه‌قێ له پێم
پێم ئه‌ڵێ: درِكم ههرئازاره پێم
ئه‌ی ئه‌گه‌ر گوڵێ بۆنی ناخۆش بێ
خه‌ڵكینه ئاخۆ ئه‌وچی ئه‌ڵێ پێم
ده‌با وێكرِا جارێكی دیكه له سۆنگه‌ی ئه‌و ده‌قه پرِ لهبهخششانهی قورئان و فه‌رمووده وه، ره‌فتار بكه‌ین و نه‌فرین بكه‌ین له هه‌ر جودا خوازی و نه‌یارێتی و تاران و تۆرانێك و رابردووی هاوبه‌شی خۆمان بێنینه‌وه بیرمان و چیدی گۆڵی وانهدهین به‌ده‌سته‌وه كه ببێته هۆكاری دروست كردنی ته‌نگژه و ناخۆشی و هه‌ڵگیرساندنی ئاوری شهرِێك، كه ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای دیاربێت كۆتایی خوا ده‌زانێ به‌چ ئاستێكدا ده‌شكێته‌وه.
ئه‌رێ هه‌دوو لامان به‌شی خۆمان بێوه‌ژن و هه‌تیومان نییه كه كێشه‌كانیان به‌قه‌د نیوه‌ی كێشه‌كانی دیكه‌ی ولاَت ده‌بن؟
ئه‌رێ له ده‌ره‌نجامی هه‌ندێ گوتاری توند و باسكردن له هه‌نارده‌كردنی ئایدلۆژیای شۆرِش گێرِیدا، شهرِی وای لێ نه‌كه‌وته‌وه، كه شاره گه‌وره‌كانیش له هه‌ردوولاوه ههژێنران و رۆژ له دوای رۆژ رێژه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كان سه‌رده‌كه‌وت و له كۆتاییشدا وه‌ك خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك ژه‌هر كاره‌كه به كوژاندنهوهیهك ته‌واو بوو، كه ده‌رهاویشته‌كانی تائێستایش دیارن و به‌رده‌وامن؟
باشه: بۆ هه‌موولایه‌كمان و گه‌لانی ناوچه‌كه باشتر وانییه بیر له پێشكه‌وتنی شارستانی و دان نان به‌مافی بوونی یه‌كتر و له‌سه‌رمێزی لێك حاڵی بوون كۆبوونه‌وه خۆشتر و مرۆڤانه‌یی ترنییه؟ مه‌گه‌ر ئایینهكهیشمان ئه‌وه‌ی ناوێت لێمان؟
چه‌ند خۆشه ئێستا به‌خۆشییه‌وه هه‌ر هاولاَتییهك مان ده‌یه‌وێت به‌رێگه‌ی یاسایی و زۆرئاسایی سهردانیولاَتی یه‌كدی ده‌كه‌ین و سوود له ئه‌زموون و سامانی یه‌كدی ده‌كه‌ین؟
ده‌با وێكرِا مه‌نتیق و عه‌قڵ و به‌زه‌یی هاتنه‌وه به هاولاَتی بكه‌ینه پێشه‌نگ و له سۆنگه‌یه‌وه كاره‌كانمان ئه‌نجام بده‌ین و ئه‌و برِِوابوونهمان به ده‌قه پرِله به‌خششه‌كان به‌كرده‌وه بنوێنین و نه‌وه‌ی نوێمان كه شهرِیان نه‌دیوه، با به‌چاوی خۆیان نیشانیان نه‌ده ین.
له دوای ساڵی نه‌وه‌د و یه‌كه‌وه، ئێمه‌ی كوردی ئه‌م به‌شه باشووره‌ی كوردستان، نه‌وه‌یه‌كی نوێمان پێگه‌یاند كه ناوی ئاوارهیێتی له ده‌ره‌نجامی شهرِی دراوسێی، به‌س له‌سه‌ر لاپهرِهی كتێبه‌كانی قوتابخانه‌دا بیستووه و دیتووه، بۆچی ئێستا نموونه‌ی زیندوویان بدرێتی؟ نه‌خاسمه له‌لایه‌ن ئێوه‌ی بهرِێزی گۆشی حه‌وزه‌ی زانستیی ئیسلامییه‌وه؟
مندالاَنمان له قوتابخانه‌كانیان مێژوو ده‌خوێننه‌وه كه به‌عسی فاشی، زوو باب و داك و كه‌سه‌كانیان راوهگواستوون و تۆپ باران و ئه‌نفال و كیمیا باران كردوون.
ئه‌مان باسی فرۆكه‌ی جه‌نگیی وه‌ك دیرۆك و وه‌ك چیرۆك ده‌خوێننه‌وه، چ خوابهرداره ئهمرِۆ كه چاویان بهفرِۆكهی گواستنه‌وه و گه‌شتی نێو ده‌وڵه‌تی هه‌ڵهێناوه، جارێكی دیكه هه‌مان تراژیدیای باو و باپیرانیان ببیننه‌وه، له كێوه؟ له كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه!
ده‌زانن ئه‌و مندالاَنه و ئه‌و نه‌وه نوێیانه ئیتر گهروابرِوات قینیان له هه‌موو دروشمێكیش ده‌بێته‌وه!
ئه‌و كات ئێوه‌ش هۆكار ده‌بن و لای خوا به‌رپرسیار ده‌بن له ناشیرین كردنی رِووی گه‌شی ئهوكۆماره ئیسلامییه‌ی كه به‌خوێنی سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی گه‌لانی ئێران فه‌راهه‌م هات.
بۆچی زمانی عیشق و جوانی و شیعر و مۆسیقا كه زمانی (فارسی)یه، له جگه‌ر گۆشه‌كانمان ببێت به‌زمانی گیڤه و گیزه و زرمه‌ی تۆپی له ناكاوی قوتابخانه رِووخینهری ماڵ وێرانكه‌ری ره‌ز سووتێنه‌ری خوشك و برا و دایك و باوك كوژ؟ ده بیكه‌نه خاتری خوا ئاورِێك، نه‌ك ئاورێك. (خه‌باتی ژماره: 3495هه‌ینی11/6/2010لاپهرِه11). |