چالاكیەكانی لقی سۆرانی یەكێتی زانایان


لقی سۆران كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداو بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیشی بەپێچەوانەی یاساكانی ئیسلام‌و جیهانی لەقەلەمدا

بە ئامادەبوونی بەرپرسی لق‌و تەواوی كارگێرو ئەندامان‌و بەرپرسانی ناوچەو رێكخراوەكان لقی سۆرانی یەكێتی زانایان كۆبونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا.

لەكۆبوونەوەكەدا هەڵوەستە لەسەر چەندین خاڵی بەهێزی هەنووكەیی سەبارەت بەبارگرژی‌و ئاڵۆزیەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەتیش بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی بەغداو بەكارهێنانی وەك كارتێكی سیاسی لەلایەن ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ئیدانەكراو بەپێچەوانەی یاساكانی ئیسلام‌و جیهانی لەقەلەمدرا.

خاڵێكی تری كۆبوونەوەكە بایەخدان بوو بە هاندانی خەڵك لە لایەن مامۆستایانی ئاینی بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان‌و بەشداربونیان لەپرۆسەی هەلبژاردن‌و بەدەنگەوە چوونیان بۆڕێنمایی‌و یاساكانی كۆمیسۆنی هەلبژاردن.

هەروەها لە میانەی كۆبوونەوەكەدا چەندین خاڵیتر كە پەیوەست بوون بە كارو چالاكی لقی سۆران‌و زانایانی ئاینی سنورەكەو داواكاری ناوچەو رێكخراوەكان خرایە بەرباس‌و تاوتوێكردن‌و ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەش هاوڕابوون لەسەر چارەسەركردنی كەم‌و كورتی‌و داواكاریەكانیان‌و، كۆتایی كۆبونەوەكە بە چەندین سەرنج‌و تێبینیەوە كۆتایی پێهات.

لە لایەكی ترەوە شاندێكی لقی سۆران سەردانی تێبینەرایەتی ئەوقافی چۆمان‌و شێخ محەممەد خۆشكانی دەكەن، شاندەكەش پێكهاتبوون لە بەڕێزان مەلا خالید مەلەكی بەرپرسی لق‌و مەلا وەیسی مەلا سەعید بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران‌و ژمارەیەك كارگێرو ئەندامانی لق سەردانی تێبینەرایەتی ئەوقافی چۆمانیان كردو لەلایەن تێبینەر مەلا یوسف حمدامین بەگەرمی پێشوازی كران.

لە دیدارێكدا باسی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروباری زانایان‌و خزمەتكردنیان باسكراو رۆڵی مامۆستایانی ئاینی سنورەكەو هەبوونی هەماهەنگی نێوان ئەوقاف‌و یەكێتی زانایان جەختی لەسەر كرایەوەو هەروەها خزمەتكردنی مامۆستایانی ئاینیش هەڵوەستەی لەسەركرا.

پاشان شاندەكە سەردانی كەسایەتی ناوچەكە بەڕێز شێخ محەممەد خۆشكانی كردو هیوای شیفاو چاكبونەوەیان بۆ خواست كە بەهۆی نەخۆشیەوە چەند مانگێكە دووچاری تێكچوونی باری تەندروستی بۆتەوە.

لەلایەكی تر ناوچەی رواندزی یەكێتی زانایان بە ئامادەبوونی بەرپرسی ناوچە بەرێز مەلا بایز رواندزیو كارگێڕو ئەندامان پێشوازی لە بەڕێز مەلا وەیسی مەلا سەعید بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران كرد.

لە دانیشتنێكدا رۆڵ‌و هەڵوێستی زانایانی سنورەكە لە هەمبەر قۆناغ‌و روداوەكانی ئەمرۆ بە بایەخەوە باسكراو ئاماژە بەچالاكی‌و خزمەتەكانی ناوچەی زانایانی رواندز‌و هەماهەنگیەكانی نێوان ئەوقاف‌و یەكێتی زانایان كراو جەخت لەسەر خزمەتی زیاتری بواری ئاینی سنورەكەش كرایەوە.

راگەیاندنی لقی سۆران.