لقی سلێمانی بەشداری كردنەوەی مزگەوتی (شەفیق بەگ) دەكات


ڕۆژی پێنجشەممە 27/2/2014 شاندێكی لقی سلێمانی كەپێكهاتبون لەبەڕێزان مامۆستا نجم الدین قادر بەرپرسی لق‌و مەلا كەریم سەرسوراوی‌و مەلا محمد كەڵكەسماقی كارگێڕانی لق بەشدارییان كرد لە كردنەوەی مزگەوتی (شەفیق بەگ) لە گەڕەكی كاریزەوشكی شاری سلێمانی.

سەرەتای ئاهەنگەكە بەچەند ئایەتیك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێ‌كردو، پاشان وتاری بەخێرهاتن لەلایەن مامۆستا مەلا (أحمدی قامیشی) پێشنوێژی مزگەوتەكە پێشكەش كرا، لە وتارەكەیدا بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكانی كردو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبونی گشت لایەك‌و سوپاسی هەمو ئەو خێرخواو موسوڵمانانەی كرد كە دەستیان هەبووە لە دروستكردنی مزگەوتی ناوبراودا.

دواتر وتارێك لە لایەن بەڕێز كاك (حاجی عەتا) بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافەكانی پاریزگای سلێمانی پێشكەشكرا، لە وتارەكەیدا سوپاسی خۆی دەربڕی بۆ هەموو هەوڵ‌و كۆششێكی موسوڵمانان كە ئەنجامیان داوە بۆ دروستكردنی مزگەوتەكەو ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەرپێداویستییەك كە مزگەوتی ناوبراو پێویستی بێت.

دواتر  لە لایەن مامۆستا مەلا (نجم الدین قادر) وتاری لقی سلێمانی یەكێتی زانایان خوێندرایەوە لە وتارەكەیدا بەڕێزیان ئاماژەی بە ڕۆڵی مزگەوت كردو پیرۆزبایی ئاراستەی نوێژخوێنانی مزگەوتەكەكرد، هەروەها سوپاس‌و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەموو هەوڵ‌و كۆششێكی خێرخوازان‌و موسوڵمانان لە بونیادنانەوەی مزگەوتی ناوبراودا هیوای خواست كە مزگەوتەكەیان بە پەرستش‌و خواپەرستی ئاوەدان بكەنەوەو خوای پەروەردگاریش پاداشتیان بداتەوە. لە كۆتاییدا بەخوێندنەوەی چەند بروسكەیەكی پیرۆزبایی‌و دابەشكردنی شیرینی كۆتایی بە ئاهەنگەكە هات.

ئەم مزگەوتە لە لایەن خێرخوایان‌و موسولمَانان ماوەیەك لە مەوبەر مزگەوتەكەیان لە ئەساسەوە تێكداو سەر لە نوێ‌ بەشێوەیەكی تازە‌و نمونەیی مزگەوتێكی ناوازەیان دروست كردەوە.

شایانی وتنە كە ئەو مزگەوتە كۆنترین مزگەوتی گەڕەكی ناوبراوە‌و هەر لە كۆنەوە دەورو كاریگەری تایبەتی خوی هەبووە لەشاری سلێمانیدا.

ڕاگەیاندنی لقی سلێمانی