لقی گەرمیان ئامادەیی زانایانی ئایینی بۆ وشیاركردنەوەی خەڵك بۆ سەلامەتی هاتوچۆ دووپات دەكاتەوە


سەر لەبەیانی ڕۆژی یەكشەممە 9/3/2014 مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی‌و  لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە هەماهەنگی نێوانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیانی كردو لەلایەن عەمید ناصر ئەحمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی گەرمیانەوە بەگەرمی پێشوازی لێكرا.

لە دانیشتنێكدا لێًپرسراوی لقی گەرمیان ئامادەیی خۆیی‌و لقەكەی بۆ هەر هەماهەنگیەكی هۆشیاری پیشاندا لە پێًناو پاراستنی سەلامەتی هاتوچۆی هاوڵاتیانداو، لەو ڕووەشەوە كارو هەنگاوەكانی لق‌و یەكێتی زانایان‌و زانایانی ئایینی بیری بەڕێوەبەرو ئەفسەرانی هاتووچۆ هێنایەوە.

لای خۆشیەوە بەڕێز ناصر ئەحمەد بەڕێوەبەری هاتووچۆی ئیدارەی گەرمیان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی‌و  سوپاسی هەڵوێست‌و ماندوبونەكانی یەكێتی زانایان‌و زانایانی ئایینی كرد لە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان‌و داوای بەردەوامی هۆشیار كردنەوەی خەڵكی لێكردن .

دانا مەلا حەمەئەمین – گەرمیان