هیوادارین ئه‌م بڕیاره‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ خزمه‌تی زیاتری هه‌ڵه‌بجه‌

به‌بۆنه‌ی بڕیاری به‌ پارێزگاكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی له‌ هاووڵاتیانی شاره‌كه‌ ده‌كات‌و، ده‌خوازێت سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ خزمه‌تی زیاتر. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

هاوڵاتیانی به‌ڕێزی هه‌ڵه‌بجه‌

به‌وپه‌ڕی دڵخۆشیمان خۆشحاڵی خۆمان ده‌رده‌بڕین له‌ به‌رامبه‌ر بڕیاره‌ شایسته‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌پارێزگاكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، بێگومان ئه‌مه‌ ته‌نها به‌شێكه‌ له‌و مافانه‌ی پێشكه‌شی شاره‌كه‌ ده‌كرێت، به‌تایبه‌تی له‌ یادی (26) ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن رژێمی رووره‌ش‌و له‌ناوچووی به‌عسی، دیتمان بۆ یه‌كه‌مجار خه‌ڵكه‌كه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌‌و فرمێسكی تێكه‌ڵی یه‌ك كرد، بۆیه‌ وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ تاكه‌ تاكه‌ی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی زانایانی ئایینی شاره‌كه‌، كه‌ هه‌میشه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌و ده‌وروبه‌ری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زانا‌و ئه‌هلی ته‌سه‌وف‌و عیرفان‌و غه‌مخۆری ئیسلامی پێگه‌یاندووه‌، هیواخوازین ئه‌م بڕیاره‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ پێشكه‌شكردنی باشترین‌و شیاوترین خزمه‌تگوزاری به‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌و شاره‌ی رێڕه‌وی تێڕوانینی هه‌موو دونیای به‌رامبه‌ر كورد گۆڕی‌و، لوتكه‌ی زوڵم‌و سته‌می به‌عسیه‌كان دژی خه‌ڵكی سڤیل‌و بێتاوان‌و مافخوراو پیشانی دنیادا.

 

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

16/3/2014