وەفدێکی زانایانی ناوچەی سه‌یدصادق سەردانی شاری هەڵەبجە دەکات


رۆژی دووشه‌ممه‌ 17/3/2014 وەفدێکی زانایانی ناوچەی سه‌یدصادقی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان بەهاوبەشی وپەڕلەمانتاران‌و چالاکوان‌و نوێنەری گەنجانی قەزای سه‌یدصادق سەردانی شاری هەڵەبجەیان کرد، ئه‌مه‌و سه‌ردانه‌كه‌ بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی لە کارەساتی (16/3)‌و کیمابارانکردنی ئەوشارەو پێشکەش کردنی پیرۆزبایی بە بۆنەی بوون بەپارێزگاو دەربڕینی هاوهەڵوێستی‌و ڕەواندنەوەی دەنگۆی ناڕەزایی نێوان ئەو دووشارە بوو.

سەرەتا لە دەروازەی شارو لە بەردەم مۆنیۆمێنتی هەڵەبجەو بە ئامادەبوونی بەشێک لە زانایانی شارەکەو سەرۆکی شارەوانی‌و سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجەو دەستەی داکۆکیکردن لە بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەو جەماوەرێکی زۆر پێشوازیکرا لە وەفدی قەزای سەیدصادق.

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکە لەگفتوگۆیەکی کراوەداو لەبەردەم ڕاگەیاندنەکاندا سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

پاشان بەڕێز مامۆستا مەلا تاهیر بامۆکی تیشکی خستە سەر یەک جەستەیی تاکی کوردی کە بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەتوانن لاشەیەکی بەهێزو بەتوانابن.

دواتر وتەی نوێنەرانی قەزای سه‌یدصادق لەلایەن کاک( به‌رهم حه‌سه‌ن ) برای شەهید بڕیار پێشکەش کراو، بەڕێزیان هاوخەمی شاری سه‌یدصادقی بۆ شەهیدانی(16/3) دەربڕی‌و پیرۆزبایی بوون بە پارێزگای لێکردن.

 وتاری یه‌كێتی زانایانیش لە لایەن مامۆستا مەلا (صلاح الدین باقر) بەرپرسی ناوچەی سه‌ید صادقی یەکێتی زانایانەوە خوێندرایەوە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆشەهیدان‌و کەسوکاریان کە شەهیدەکانیان موڵکی هەمووگەلی کوردستانن‌و ئەوەی بۆیان کراوە هێشتا لەئاست قوربانی دان‌و مەینەتییەکانی ئەواندانیەو پیرۆزبایی بوون بەپارێزگای ئاراستەکردن‌و، گوتی: ئومێدەوارین ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەروازە یەکی باش‌و شایستەبێت کەخزمەتی زیاترو زۆرتری ئەم شارەی پێبکرێت.

هەروەها له‌م سه‌ردانه‌دا تەئکید لە سەرئەوه‌ کرایەوە کە قەزای سه‌ید صادق هاوڕاو پشتیوانی پارێزگای هەڵەبجەیە هەر چۆن لە ڕابردوودا هاوبەشی ناخۆشی‌و ئاوارەیی‌و ڕاگوێزانی هەڵه‌بجە بووە، نوێنه‌رانی شاری سه‌ید صادق رایانگه‌یاند: ئەوپەیامە دووبارە دەکەینەوە کەئێمە هەمیشە پارێزەری برایەتی ڕاسەقینە دەبین‌و وادەزانین هاونیشتیمانی بوون خاڵی بەهێزی نێوانمانە سەرەڕای ئەو پەیوەندیە ئاینی‌و کۆمەڵایەتیەی کە لە مێژووی باپیرانماندا نەخشێنراوە‌و، بۆیە نابێت ڕێگە بدەین‌و ڕازیبین ئاراستە فکرییەکان لایەنی هاونیشتمانیمان کاڵ بکاتەوە‌و کاری سەلبی بکاتە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانمان.

دواتر وتاری کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە پێشکەشکراو ئامادەبوان بەڕێکەوتن بۆمەزاری شەهیدان‌و تاجەگوڵی ڕێزو وەفایان له‌ سه‌ر مه‌زاری شەهیدانی کیماباران دانا، دواترلە مەراسیمێکی شایستەدا میوانەکان بەڕێکران.

ناوچەی سیدصادقی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان

17/3/2014