یه‌كێتی زانایان به‌ڵێنی هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ری سه‌لاحه‌دین بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌دات

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌مه‌ 15/5/2014 مه‌لا عه‌بدولا مه‌لا سه‌عید سه‌رۆكی زانایان به‌ یاوه‌ری شێخ نیاز راغب به‌رپرسی لقی هه‌ولێری زانایان بشه‌داری كرد له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری سه‌لاحه‌دین بۆ توێژینه‌وه‌ی زانستی.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌رۆكی زانایان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و، پیرۆزبایی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ره‌كه‌ی لێكردن‌و، رۆڵی كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كانی به‌رز نرخاند له‌ خزمه‌تكردنی كاروانی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئێستا چه‌ندان پێشنوێژ‌و وتارخوێنانی مزگه‌وته‌كانی كوردستان له‌ ده‌رچووانی كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كانن، بۆیه‌ ئه‌م كۆلێژه‌ وه‌كو كۆلێژی دایك داده‌ندرێت.

له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی زانایان رۆڵی ئه‌و مامۆستا ئایینیانه‌ی به‌رز نرخاند، كه‌ وێڕای وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی باڵا به‌ڵام هه‌میشه‌ خزمه‌تكردنی مزگه‌وتیان له‌ پێشی هه‌موو ئیمتیازاتێكی مادی داناوه‌‌و، داوای له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد رۆڵی ئه‌م مامۆستایانه‌ به‌رز بنرخێنێت‌و، ئه‌وانیش ئیمتیازاتی خۆیان پێ بدرێت.

هه‌روا تیشكی خسته‌ سه‌ر كاره‌كانی داهاتووی سه‌نته‌ری سه‌لاحه‌دین‌و، به‌ڵێنیدا هه‌موو ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی هه‌مانه‌ له‌ خزمه‌تی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ دابنێین‌و، هه‌موو پشتیوانیێكی ده‌كه‌ین تا ئه‌وان به‌رده‌وام بن له‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌تایبه‌تی له‌ پرسه‌ نوێیه‌كان‌و، یه‌كڕیزی مامۆستایانی ئایینی هه‌ڵبژێرن.

شایانی باسه‌ سه‌نته‌ری سه‌لاحه‌دین له‌لایه‌ن كۆلێژی زانسته‌ ئیسلامیه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بواری توێژینه‌وه‌ی زانستی.