یه‌كێتی زانایان ره‌خنه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵاو ئه‌وقاف ده‌گرێت

رۆژی سێشه‌ممه‌ 20/5/2014 مامۆستایانی په‌یمانگه‌ی زانسته‌ ئیسلامیه‌كانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف گردبونه‌وه‌كیان له‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف رێكخست به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنی ماف‌و ئیمتیازاته‌ یاساییه‌كانیان، كه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌ (9)ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ 7/10/2012 له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم واژو كراوه‌

 له‌ مادده‌ی یه‌كه‌م: مافی نازناوی زانستی ده‌داته‌ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی باڵا.

له‌ مادده‌ی دووه‌م: ته‌ئكید له‌ سه‌ر ده‌ركردنی په‌یڕه‌وێك ده‌كات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

كه‌چی نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ ئه‌م یاسایه‌ دەرچووە، کەچی تا ئێستا نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆیە پێمان وایه‌ كه‌مته‌رخه‌می‌و خه‌مساردیه‌كی به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو دواتریش وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف لە دواخستنی.

ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان پشتگیری ئه‌م داوایه‌ی مامۆستایان ده‌كه‌ین چ وه‌ك مامۆستایانی په‌یمانگه‌ی زانسته‌ ئیسلامیه‌كان یاخود پێشنوێژو وتارخوێنانی مزگه‌وته‌كانی كوردستان لە هەڵگری بڕوانامەی باڵا، پێشمان وایه‌ له‌ دوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئۆباڵی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌م یاسایه‌و خۆ دوورخستنەوە لە دانانی لێژنەی تایبەت، وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌ هێنانه‌دی ئه‌و مافه‌ی مامۆستایان و، وەکو پێویست بەدواداچوون و هەوڵی بۆ نەداوە.

بۆیه‌ وێڕای پشتگیری ته‌واومان لە گردبوونەوەی مامۆستایان، داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین هه‌وڵ بده‌ن به‌ زوترین كات ئه‌م یاسایه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و چیتر مامۆستایان لە مەفێکی یاساییان بێبەش نەکرێن.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

21/5/2014