لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌21/5/2014 شاندێكی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا نجم الدین قادر لێپرسراوی لق‌و ئه‌ندامێتی مامۆستا ئه‌حمد شافیعی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی‌و كارگێڕانی لق سه‌ردانی به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆِرانیان كرد له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی.

له‌دوای به‌ گه‌رمی به‌خێرهێنانی شاندی مێوان له‌ لایه‌ن  ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆِرانه‌وه‌ لێپرسراوی لق له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ی له‌ زانایانی لقی سلێمانی كردو، پاشان پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌سه‌رجه‌م گه‌لی كورد كردو هیوای خواست له‌ داهاتودا هه‌موان به‌ یه‌ك ده‌ست‌و  یه‌ك ده‌نگ پێكه‌وه‌ خزمه‌تی گه‌لی كورد بكه‌ن، له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا لێپرسراوی لق باسی له‌ یه‌كڕیزی گه‌لی كورد كرد له‌حكومه‌تی داهاتوی عیراقداو ده‌ورو ڕۆڵی كاریگه‌رانه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی له‌ پاراستنی ئارامی‌و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی‌و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی به‌رزو پیرۆز نرخاند، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌وری كاریگه‌رانه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی  به‌رز نرخاند له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا،

 هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواست وه‌زاره‌تێكی كاراو كاریگه‌ربێت‌و له‌ ئاستی خواستی هه‌مواندابێت‌و، كه‌سانی شایسته‌ له‌و وه‌زاره‌ته‌ دابنرێن‌و چیتر بۆڕازیكردن به‌كار نه‌هێترێت،

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی داهاتوی پارێزگای سلێمانی هه‌موان به‌گیانی برایه‌تی دڵسۆزیه‌وه‌ به‌شداری كاراو پڕ له‌ خزمه‌ت بكه‌ن.

پاشان له‌ وته‌یه‌كدا به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دووباره‌  به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی شاندی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان كردو سه‌ردانی زانایانی ئاینی به‌رز نرخاند له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا باسی له‌ ئامانجه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كرد له‌ به‌شداری كردنیان له‌ كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ خزمه‌تی هاوڵاتیانی كوردستانی پێ بكه‌ن به‌بێ جیاوازی كردن له‌ بیروبۆچونی سیاسی‌و فیكری‌و ئاینی، هه‌ر له‌ میانه‌ی وته‌كه‌یدا  باسی له‌ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كرد له‌ لایه‌ن بزوتنه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌.

پاش وتوێژێكی تێروته‌سه‌ل كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هات.

شایه‌نی باسه‌ وا بڕیاره‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌كانی تریش له‌سنوری پارێزگای سلێمانی بگرێته‌وه‌.