به‌یاننامه‌ی یه‌كێتی زانایان به‌ بۆنه‌ی یادی چل ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا

به‌ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

(وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا)

جه‌ماوه‌ری كوردستان:
زانایانی به‌ قه‌در:

رۆژی 21/9/2010 (40) ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، به‌م بۆنه‌وه‌ وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ ته‌واوی دۆست‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی زانایان، پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كورد ده‌كه‌ین، چونكه‌ یه‌كێتی زانایان له‌ رۆژگارێك دامه‌زرا، كه‌ زه‌روره‌تێكی زۆر گرنگ بوو، بۆ هاندانی پێشمه‌رگه‌‌و، رێكخستنی كاروباری ژیان‌و، به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و، چاره‌سه‌ركردنی ئاریشه‌‌و گرفته‌كانی هاووڵاتیانی كوردستان، به‌تایبه‌تی له‌ سایه‌ی ئه‌و ئازادیه‌ی له‌ ساڵی 1970 له‌ به‌شێكی كوردستان، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی باڵه‌كاتی نه‌فه‌سی به‌ رووی كورددا كردبوه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و زه‌روره‌ته‌ش بوو، وای له‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی كرد، زۆر به‌ حه‌كیمانه‌ بانگهێشتی زانایانی ئایینی بكات‌و، سه‌رباری كۆكردنه‌وه‌یان، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ری كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بداته‌ ده‌ستیان له‌ رێگای دامه‌زراندنی لێژنه‌ی فه‌توا‌و، ده‌ستنیشانكردنی چه‌ند مامۆستایه‌كی ئایینی وه‌ك قازی شۆڕش.

به‌ درێژایی 40 ساڵی ته‌مه‌نی، یه‌كێتی زانایان قه‌ت له‌ كارو خه‌بات‌و، ئامانجه‌كانی دانه‌بڕاوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌یان مامۆستامان ئاواره‌‌و، چه‌ندانمان شه‌هید‌و، زۆریشمان بریندار بوونه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ ئه‌ركی خۆیان زانیوه‌، وه‌ك هه‌ڵگرانی په‌یامی پیرۆزی ئیسلام، له‌ ئاواره‌ییشدا قوتابیانیان فێری خوێندن‌و خوێنده‌واری كردوونه‌.

له‌ دوای راپه‌ڕینیش له‌ كاركردنمان به‌رده‌وام بووینه‌، ئه‌گه‌ر به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ مێژووه‌كه‌مان هه‌ڵبسه‌نگێندرێت، یه‌كێكین له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌میشه‌ رۆڵی كاریگه‌رمان هه‌بووه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی، كه‌ وه‌ك یه‌كه‌م رۆژمان هه‌میشه‌ دروشمی ئیسلامپه‌روه‌ری‌و كوردایه‌تیمان پێكه‌وه‌ گرێداون، سه‌لماندوومانه‌، كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان به‌ گه‌ل‌و میلله‌ته‌كه‌مان خائین نه‌بووینه‌، ئه‌وه‌ش دیاره‌ سه‌رچاوه‌ی له‌ په‌یامی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ گرتووه‌. ئێستاش شانازی به‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ سه‌رباری به‌ڕێكردنی كاره‌كانمان، هه‌فتانه‌ كێشه‌‌و گرفتی ده‌یان كه‌س له‌ رێگای لێژنه‌ فه‌تواكانمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین‌و، ئاشته‌وایی ده‌خه‌ینه‌ نێوانیان.

به‌ڕێزان: له‌ یادی 40 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیه‌كه‌مان به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، ماندوونه‌ناسانه‌ خزمه‌ت به‌ زانایانی ئایینی بكه‌ین‌و، فیداكارانه‌ داكۆكی له‌ ماف‌و خواسته‌كانیان بكه‌ین‌و، به‌شێكی كاریگه‌ر ده‌بین له‌ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان، هه‌روه‌ها هه‌میشه‌ غه‌مخۆری كوردستان‌و، خاوه‌ن رۆڵی كارا ده‌بین بۆ پاراستنی وڵاته‌كه‌مان‌و، وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌ردوو شاباڵی ئیسلامپه‌روه‌ری‌و كوردایه‌تی پێكه‌وه‌ گرێده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ كوردستان مه‌ڵبه‌ندی خۆشه‌ویستی‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی‌و نه‌ته‌وه‌یی بێت.

دووباره‌ یادی 40 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌ین.

مه‌كته‌بی ته‌نفیزی
یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
20/9/2010