یه‌كێتی زانایان: پێویسته‌ تاوانبارانی كچه‌ كوژراوه‌كه‌ بدرێنه‌ دادگاو به‌ سزای راسته‌قینه‌ بگه‌ن

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌‌و میهره‌بان

له‌ رێگه‌ی هه‌واڵه‌كانه‌وه‌ هه‌واڵی كوشتنی ژنێكی منداڵی ته‌مه‌ن (15) ساڵان بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ به‌ شێوازێكی زۆر دڕندانه‌ له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ كوژراوه‌.

لێره‌وه‌ وه‌كو یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ تووندی ئیدانه‌ی كوشتنی ئه‌م ئافره‌ته‌ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی به‌م شێوازه‌ دڕنده‌‌و نامرۆڤانه‌یه‌، كه‌ له‌ هیچ یاسا‌و رێسایه‌كی ئاسمانی‌و زه‌مینی جێگه‌ی نابێته‌وه‌.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌دواداچوونی وردی بۆ بكرێت‌و، بكوژه‌كه‌‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ پشت ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ بوونه‌ به‌ سزای راسته‌قینه‌ی خۆیان بگه‌ن، هه‌روه‌ك پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد‌و جددی بكرێت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ بوونه‌‌و، كچێكی ته‌مه‌ن (15) ساڵانیان سه‌ر به‌ هه‌وێ له‌ كه‌سێكی زۆر له‌ خۆی گه‌وره‌تر ماره‌ كردووه‌، پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ ماره‌كردنه‌كه‌ هه‌بووه‌، چ كه‌سێك به‌ناوی (مامۆستای ئایینی) ئه‌م كاره‌ی كردبێت، یان هه‌ر دادگایه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێك ئه‌م كاره‌ی كردووه‌، به‌ سزای راسته‌قینه‌یان بگه‌ن‌و، ببنه‌ په‌ندیش بۆ هه‌ر كه‌سێك جورئه‌ت بكات هه‌نگاوی له‌م شێوازه‌ بهاوێژێت.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ماوه‌یه‌كه‌ كوشتنی به‌ ناهه‌ق به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێت‌و، خه‌ریكه‌ وه‌كو دیارده‌یه‌كی لێدێت، هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌ ماوه‌ ده‌بینین به‌ناوی شه‌ڕه‌ف‌و هه‌ر بیانوێكی دیكه‌ خه‌ڵكی ده‌كوژرێت‌و، رۆژانه‌ هه‌واڵی كوشتنی ژنان‌و پیاوان‌و كه‌سانی بێتاوان ده‌بیستین، ئه‌وه‌ش دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سزاكانی سه‌ر بكوژه‌كان له‌م ئاسته‌ نینه‌ رێگه‌ له‌ كوشتن بگرن، بۆیه‌ داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین، پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاساكان بكه‌ن‌و، سزادانی بكوژان هه‌مواربكرێته‌وه‌، به‌ شێوازێك رێگه‌ له‌ كوشتن بگرێت. لەلایەن خۆشمانەوە وەکو یەکێتی زانایان ئامادەی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکین بۆ ڕێگرتن لە مرۆڤکوژی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە.

 

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

26/5/2014