بە ئامادەبوونی زانایان داوا ده‌كرێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ فه‌رمانى راگرتنى گه‌شتى حه‌ج ‌و عومره‌ بكات

به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ كێشه‌ی كۆمپانیاكانی حه‌ج ‌و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ راگرتنی گه‌شتی عومره‌ ‌و ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ پێیان ده‌گات، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 25/5/2014 هه‌ردوو لیژنه‌ی ئه‌وقاف‌و كاروباری ئاینی ‌و ته‌ندروستی ‌و ژینگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ هۆڵی لیژنه‌ی ئه‌وقاف له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ د.رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و  نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ‌و كاروباری ئاینیی حكومه‌تی هه‌رێم ‌و سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی كوردستان ‌و نوێنه‌رانی لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێمی كوردستان ‌و كۆمپانیاكانی حه‌ج ‌و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوای گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل ‌و بابه‌تیانه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی راگرتنی گه‌شتی عومره‌ ‌و ئه‌و داواكاریانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی حه‌ج ‌و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرابوون، له‌سه‌ر ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌ رێككه‌وتن:

1داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌ی وه‌زیران بكرێت كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی راگرتنی گه‌شتی عومره‌ بكاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی رێكخستن ‌و ته‌نزیمكردنی له‌ ژێر رێنمایی تازه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی ئه‌وقاف ‌و ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

2ده‌ركردنی ئه‌م رێنماییانه‌ له‌ چوار رۆژ زیاتر نه‌خایه‌نێ له‌به‌ر به‌سه‌رچوونی كاتی ڤیزاكانی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی حه‌ج ‌و عومره‌ی هه‌رێم بۆ عوره‌كاران وه‌رگیراون.

3ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌ تووشی زه‌ره‌ر بوون پێویسته‌ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

 وه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌رێز ماموستا مه‌لا محمد وه‌رتی سه‌رۆكی لێژنه‌ی بالای فه‌توای كوردستان له‌ لێداونێكی بۆ سایتی زانایان رایگه‌یاند: (ئێمه‌ وه‌ك لێژنه‌ی فه‌توا بریاری راگرتنی سه‌فه‌ری عومره‌مان نه‌داوه‌، چونکە ئێمە ده‌زگایه‌كی ته‌نفیزی نین تا ئه‌م بریاره‌ بده‌ین، به‌ڵكو ئێمه‌ وه‌ك ئیرشاد و رێنوێنی كردنی هاولاتیان داوامان له‌ هاولاتیان كردووه‌، خۆیان له‌ سه‌فه‌ری عومره‌ بپارێزن، چونكه‌ له‌ رووی شه‌رعیه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی و په‌تا له‌ هه‌ر ولاتێك بڵاووبوه‌وه،‌ موسڵمانان به‌ ته‌وایه‌تی خۆیان بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشی دوور بن و هەر کاتێکیش مەترسی نەما ئەوا ئاسایی دەبێتەوە، بۆیە ئێستاو هەر کاتێکی دیکە ئەگەر مەترسی نەما پێویستە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ بکرێت تا خەڵکی بە دڵخۆشیەوە ئەم سەفەرە پیرۆزە ئەنجام بدەن).