كڵێسا دێرینه‌كه‌ی‌ قودس یه‌ك ده‌رگای‌ هه‌یه‌‌و كلیله‌كه‌ی‌ لای‌ موسڵمانێكه‌

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (25/5/2014) پاپای ڤاتیكان سه‌ردانی كڵێسای قیامه‌ت له‌ شاره‌ دێرینه‌كه‌ی قودس له‌ فه‌له‌ستین‌ ده‌كات و كلیلی‌ ده‌رگاكه‌شی‌ لای‌ موسڵمانێكه‌.

یاسین ته‌ها رۆژنامه‌نوس خوێندكاری‌ ماسته‌ر له‌مێژووی‌ ئیسلامی‌ له‌وڵاتی‌ میسر له‌پۆستێكدا له‌په‌یجه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوك ده‌ڵێت "ئه‌م كڵێسا مێژویی و گرنگه‌ یه‌ك ده‌رگای كراوه‌ی هه‌یه‌و یه‌ك كلیل، ئه‌ویش هه‌شت سه‌ده‌ به‌ر له‌ئێستا سوڵتان سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی پاش چوونه‌ ناو قودس سپاردویه‌تی به‌ خێزانێكی موسڵمان و تائێستاش هه‌ر لای ئه‌وانه‌".

ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات له‌سه‌ر هه‌مان ده‌ستوری سه‌لاحه‌دین، ئێستاش ته‌نها نه‌وه‌كانی ئه‌و خێزانه‌ بۆیان هه‌یه‌ بیكه‌نه‌وه.

له ‌وێنه‌ی كڵێساكه‌دا دوو ده‌رگا هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان 827 ساڵه‌ به‌ فه‌رمانی سه‌لاحه‌دین داخراوه‌و هێشتا نه‌كراوه‌ته‌وه بۆ پاراستنی كڵێساكه‌ له ‌دزه‌كردنه‌ ناوی‌، دووه‌میشیان به‌و كلیله‌ ئه‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ست ئه‌دیب جه‌وده‌ی نه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ موسوڵمانه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی بوونه‌ته‌ جێگه‌ی متمانه‌ی سه‌لاحه‌دین و ئه‌و كات سه‌رپه‌رشتیاری مزگه‌وتی ئه‌قسا بوون.

ئێستا ئه‌دیب جه‌وده‌ له‌شاری قودس كۆگای جلوبه‌رگ فرۆشتنی هه‌یه‌و كلیله‌كه‌ی له‌ خه‌زێنه‌ی ماڵی خۆیان پاراستوه‌و ده‌ڵێت به ‌ملیاره‌ها دۆلاری ناده‌م.

یاسین ته‌ها ده‌ڵێت "جه‌وده‌ هه‌موو رۆژێك پاش كردنه‌وه‌ی كڵێسای قیامه‌ت له‌كاتژمێر 4 به‌یانی كلیله‌كه‌ ئه‌خاته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌یان و كاتژمێر 8 ئێواره‌ش ئه‌یبات بۆ داخستنی كڵێسا".

 بۆ رێزگرتنی ئه‌م خواسته‌ی سه‌لاحه‌دینیش له‌ماوه‌كانی رابردوودا 27 سوڵتانی عوسمانی 165 فه‌رمانیان ده‌ركردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م كلیله‌ لای بنه‌ماڵه‌ی جه‌وده‌و كڵێسا مه‌سیحییه‌كانی فه‌له‌ستینیش تا هه‌نووكه‌ رێز له‌م رێوشوێنه‌ ئه‌گرن.

بریاره‌ لەم سەردانەیدا پاپای‌ ڤاتیكان سه‌ردانی‌ ئه‌و كڵێسایه‌ بكات.

كڵێسای قیامه‌ت كه‌ 325 زاینی بنیاتنراوه‌ به‌پێی باوه‌ڕی مه‌سیحی له‌وجێگه‌یه‌دا دروستكراوه‌‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر مه‌سیحی تێدا له‌خاچ دراو هه‌ر له‌وێشه‌وه دووباره‌ زیندووبوه‌ته‌وه‌و هه‌ڵفڕیوه‌ بۆ جیهانی ئه‌به‌دی.

لە (Knn) وەرگیراوە