لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایان سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌كات


ڕۆژی 24/5/ 2014 شاندێكی لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مامۆستا نجم الدین قادر لێپرسراوی لق‌و مامۆستا احمد شافعی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان‌و ئه‌ندامێتی كارگێڕانی لق سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیان كردو له‌ لایه‌ن حاكم قادر حمه‌جان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.

سه‌ره‌تا له‌ وته‌یه‌كدا حاكم قادر حمه‌جان به‌ناوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیه‌وه‌ به‌خێرهاتنی زانایانی ئایینی كردو سوپاسی ئه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ی كردن‌و دوپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زانایانی ئایینی هه‌میشه‌ ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بوه‌ له‌ مێژوی شۆڕشه‌كانی گه‌لی كوردا.

 له‌ به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا حاكم قادر تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق‌و  ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان‌و ڕایگه‌یاند: وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڕوامان وایه‌ كه‌ ده‌بێت كورد یه‌ك ده‌نگ‌و  یه‌ك وتاری هاوبه‌شی هه‌بێت بۆ به‌شداری كردن له‌ حكومه‌تی داهاتوی عیراق‌و به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت هه‌موان پێكه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین‌و ناكۆكیه‌كانمان وه‌لا بنێین‌و ده‌ست بخه‌ینه‌ ناو ده‌ستی یه‌كتر له‌ پێناو خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌ماندا.

پاشان مامۆستا نجم الدین لێپرسراوی لقی سلێمانی له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له‌ زانایانی ئاینیان كردو پیرۆزبایی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان كردو پێی ڕاگه‌یاندن ئێمه‌ له‌ زانایانی ئاینی پێمان وایه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان بۆ گه‌لی كورده‌ به‌ گشتی به‌ تایبه‌تی له‌جێگا ناكۆكه‌كانی وه‌كو كه‌ركوك‌و نه‌ینه‌واو دیاله‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی تری وته‌‌كه‌یدا ئه‌وه‌ی دوپات كرده‌وه‌ كه‌ په‌یامی ئێمه‌ له‌زانایانی ئایینی بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان یه‌ك ده‌نگی گه‌لی كورده‌و ده‌بێت ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ وانه‌كات له‌ هیچ كام له‌ قه‌واره‌سیاسیه‌كان سیاسه‌تی تاكڕه‌وی‌و خۆپه‌رستی په‌یڕه‌و بكه‌ن، كه‌ دیاره‌ نه‌یارانی گه‌لی كورد هه‌مو كات ‌ویستویانه‌ توشی ته‌فره‌قه‌‌و لێك ترازانمان بكه‌ن بۆیه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كات زیاتر گه‌لی كورد پێویستی به‌ ته‌بایی‌و یه‌كڕیزییه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان‌و  ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، هیواشی خواست لایه‌نه‌كان لێبڕوانه‌تر كار بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا لێپرسراوی لق ڕایگه‌یاند ئه‌م په‌یامه‌مان پێشتریش به‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌و پارتی دیمكراتی كوردستان ڕاگه‌یاندوه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ڵێنی ته‌بایی‌و یه‌كڕیزی‌و پاراستنی ئاسایشی گشتی هه‌رێمی كوردستانیان دوپات كردوه‌ته‌وه‌.

كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ چه‌ند وتوێژو راگۆڕینه‌وه‌یه‌ك كۆتایی پێهات.